چاودێرێکی سیاسی: ھاتنی مالیکی بۆ کوردستان سەرەتایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

ھەولێر- تایبەت بەkdp.info/ بوخاری عەبدوڵلا چاودێری سیاسی بە kdp.infoراگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ھەر جار کۆبوونەوەی خۆی لە شارێک ئەنجامدەدات، بەڵام ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەمجارە لە شاری ھەولێر رەنگە کۆبوونەوەکە لە رووی شکلی نەبێت، بەڵکو لە رووی ناوەرۆکەوە دەبێت و ھەوڵدان دەبێت بۆ نزیکبوونەوە لەسەرکردایەتی کورد.
بوخاری عەبدوڵلا گوتیشی: ئەم سەردانە رەنگە سەرەتایەک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، بەڵام ئەم سەردانە نابێتە ھۆی ئەوەی کێشەکانی بەتەواوەتی چارەسەر بکرێن، چونکە کاتێکی زۆری دەوێت .
عەبدوڵلا راشیگەیاند: ھاتنی نوری مالیکی بۆ پایتەختی ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرکردایەتی کوردو گفتوگۆکردن لە بارەی کێشەکانی نێوان ھەردوو لا سەردانێکی باش وئیجابیە .
بڕیارە سبەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ھەولێر سازبکات و لە گەڵ سەرکردایەتی کوردیش کۆبێتەوە.




