٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری هەولێر پرۆسەی وەرگرتنی گەنم و جۆی جوتیاران لە سایلۆی ناوەندی هەولێر بەسەر دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info/ بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی بەرێوەچوونی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم و جۆی جوتیاران لە بەروبوومی ئەمساڵ لە سایلۆكانی پارێزگای هەولێر، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بەیاوەری تاهیر عەبدولا جێگری پارێزگارو لیژنەی باڵای وەرگرتنی بەروبوومی گەنم و جۆی جوتیاران لە پارێزگای هەولێر كە بریتین لە بەرێوەبەرانی گشتی كشتوكال و سایلۆ و چاودێری بازرگانی و نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگاو سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی جوتیارانی كوردستان، سایلۆی ناوەندی تازەی هەولێری بەسەركردەوە .

  لەو بەسەركردنەوەیەدا لە نزیكەوە ئاگاداری چۆنیەتی بەرێوەچوونی كارەكان و میكانیزمی وەرگرتنی بەروبوومی گەنم و جۆ بوون و، دلنیاش بوون لەو ئاسانكاریانەی كە بۆ خێراكردنی كارەكان و میكانیزمی ریزبەندی داخلبوون و قەپانكردن و پۆلینكردنی بەرووبوومەكە پەیرەو دەكرێن، كە بۆ ئەمساڵ لە رووی باش و خراپی بەروبوومەوە بە سێ پلە گەنم وەردەگیرێت كە نرخەكانیان 792000دینار بۆ پلە یەك و 682000دینار بۆ پلە دوو و 572000دینار بۆ پلە سێ بۆ هەر یەك تۆن و نرخی یەك تۆن جۆش بە 572000دینار وەردەگیرێت كە بە رێژەی 10%لە نرخی سالانی رابردوو زێترە و پرۆسەی وەرگرتنیش لە هەر چوار بنكەی وەرگرتنی سایلۆكانی هەولێر و مەخمورو كۆیە و هەریر بەرێوە دەچن، بۆ وەرگرتنی جۆ لە 20/5/2013دەستی پێكردووەو وەرگرتنی گەنمیش لە 1/6/2013دەستی پێكردووە هەموو ئاسانكاریەكی پێویستیش بۆ باشتر بەرێوەچوونی پرۆسەكە گیراوەتە بەر .

پاشان بەیاوەریی عەلی رەشید سەرۆكی شارەوانی هەولێرو بەرپرسانی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی شارەوانی زبلخانەی ناوەندی هەولێری لە ناوچەی كانی قرژالە بەسەركردەوەو لەنزیكەوە ئاگاداری پرۆسەی كۆكردنەوەو داپۆشینی زبل و خاشاكەكانی هەولێر بوون، كە رۆژانە پتر لە 300تۆن زبڵ و خاشاكی جیاجیا لە رێگەی كۆمپانیاكانی خاوێنكردنەوەی شار لەو زبلخانەیە كۆدەكرێنەوەو بریاریشە پرۆسەی ریسایكلین و چارەسەركردنی خاشاك بە سیستەمیكی تازە بەم زووانە پەیرەو بكرێت وەكو هەر ولاتێكی پێشكەوتووی دونیا بۆ چارەسەركردنی زبل و خاشاك بە پێی رێنماییەكانی ژینگەپارێزی و بۆ سوود وەرگرتنی ئابووریانەش لەو زبل و خاشاكەو دووبارە بەكارهێنانەوەی ئەو پاشماوانە لە بواری پیشەسازییەوە .

 

هەواڵی پەیوەندیدار