میسر .. قەیرانی كەمیی بەرهەم و هاوردەی گەنم

میسر- KDP.info/ پرۆسەی دروێنەی گەنم لە میسر دەستی پێكرد و جوتیارانی ئەو وڵاتەش پێیان وایە بڕی بەرهەم هاتووی گەنم لەمساڵدا بە گوێرەی پێویست نابێت كە ئەمەش كاریگەری دیاری دەبێت لەسەر ئەو پلانەی كە حكوومەتی ئەو وڵاتە دایناوە.
بەمەبەستی كەمكردنەوەی تێكڕای رێژەی نرخی كەرەستە سەرەكییەكانی خۆراك بەتایبەتی گەنم و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ئەو بەرهەمە، میسر ساڵانە بڕی 10 ملیۆن تۆن گەنم هاوردە دەكات، بەڵام ئەمساڵ حكوومەتی ئەو وڵاتە هیوای وایە كە بەرهەمی گەنم باش بێت و رێژەی هاوردە كەمبێتەوە، لە بەرئەوەی هەوڵی پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری ئەو كەرتەی داوە بە دابینكردنی بڕێكی زۆر لە پارەی تەرخانكراوە بۆ ئەو بوارە، بەتایبەتی كە ئێستە میسر بە قەیرانی ئابووری و سیاسیدا تێدەپەرێت، جوتیارانی ئەو وڵاتەش پێیان وایە كە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە دەورووبەری 9 ملیۆن تۆن دەبێت، كە ئەمەش بەشی پڕكردنەوەی تەنها نیوەی پێداویستییەكانی میسر دەكات لەو بەرهەمە و بە پێیەش بەپێی شارەزایانی بواری ئابووری قەیرانی كەمی گەنم لە میسر سەرهەڵدەداتەوە.




