ئەردۆغان: 7 كەسی بیانی لە نێو خۆپێشاندانەكانی توركیادا دەستگیر كراون

ئەستەنبۆل - KDP.info/ ئەمڕۆش خۆپیشاندانەكانی توركیا لەدژی ئەنجامدانی پرۆژەیەك لە پاركی گزی لە ئیستانبۆل درێژەی هەیە و دوێنێش لە كاردانەوەیەكدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند كەسانی بیانی لە نێو خۆپێشاندانەكانی توركیادا گیراون كە دەستیان لە كاری توندوتیژیدا هەبووە.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە میانەی پرێس كۆنفراسێكی هاوبەش لە گەڵ هاوتا تونسیەكەی عەلی عەریزی لە تونس، ئەردۆغان رایگەیاند لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەكانی توركیاوە حەوت كەسی بیانی لە خۆپیشاندانەكاندا دەستگیركراون، كە شەش كەسیان بۆ داواكاری گشتی ڕەوانەكراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت . هاوكات سەرۆك وەزیرانی توركیا دووپاتی كردەوە كە حکوومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە پڕۆژەی پێشخستنی گۆڕەپانی تەقسیمی شاری ئیستانبۆڵ. وەك راشگەیەنراوە لە خۆپیشاندان و توندوتیژییەكانی توركیادا پۆلیسێك گیانی لەدەست داوە. لەلایەن خۆیەوە رێكخراوی (پەیامنێرانی بێ سنوور) رایگەیاند: لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی توركیا تا ئێستا 14 رۆژنامەنووس برینداربوونە، كە باری تەندروستی بەشێكیان مەترسیدارە. هەروەها رێكخراوەكە ئیدانەی ئەو توندوتیژیانەی كرد كە دژ بە رۆژنامەنوسان كراوە لەكاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانەكان و ئەو كارەشیان بە (هێرشی وەحشیگەرانە) ناوبردووە.




