ئەنجوومەنی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ لێكۆڵینەوە؛ لە كوشتارگەی حەویجەدا دەكات

بەغدا- KDP.info/ ئەنجوومەنی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ لێكۆڵینەوە لە رووداوی كوشتارگەی شارۆچكەی حەویجە كە لە لایەن سوپای عێراقییەوە ئەنجام درا دەكات. لەو بارەیەوە حەیدەر موللا ئەندامی لیستی عێراقییە بە ڕۆژنامەی حەیاتی چاپی لەندەنی راگەیاندووە، كە ئەنجوومەنی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ حكوومەتی عێراقی ئاگادار كردۆتەوە كە دەست بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی شارۆچكەی حەویجە دەكات، كە تێیدا ژمارەیەك خۆپیشاندەر كوژران. ناوبراو دووپاتیشی كردەوە كە مانگی رابردوو تەواوی بەڵگەكان تایبەت بە ڕووداوەكەی شارۆچكەی حەویجە ڕادەستی ئەنجوومەنی جیهانی مافی مرۆڤ كراوە و هەروەها هەمان بەڵگەش ڕادەستی ئەنجوومەنی عمومی بەریتانیا و هەروەها كۆمسیاری مافەكانی مرۆڤ كراوە. لە بەرانبەر ئەو گوتانەی حەیدەر موللا ، مەزهەر جەنابی ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەتیكردەوە لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی سەبارەت بە كوشتارگەی حەویجە لە ئارادبێت. لە مانگی نیسانی رابردوو هێزێكی سوپای عێراق هەڵیكووتایە سەر خۆپیشاندەرانی شارۆچكەی حەویجە و ژمارەیەكی لێكوشتن و برینداركردن و ئەمەش ناڕەزایەتییەكی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دژ بە حكوومەتی عێراقی لێكەوتەوە.




