عێراق..خۆپیشاندەرانی ئەنبار، پارێزگار بە نوێنەری خۆیان بۆ دانوستان نازانن

ئەنبار - KDP.info/خۆپشاندەرانی پارێزگای ئەنبار هۆشداری دەدەنە قاسم فەهداوی پارێزگاری ئەنبار تا هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی شاندێكی دانوستان لە گەڵ حكوومەتی بەغدا رابگرێت و داواشیان لێكرد خۆی وەك نوێنەری خۆپیشاندەران دەرنەخات. هاوكات خۆپیشاندەران دەستگیركردنی هەر سەركردەیەكیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی حکوومەتەوە خستە ئەستۆی پارێزگار و داوایان لێكرد: لەسەر بەرژەوەندییەكانی خۆپیشاندەران، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆی نەكات. لای خۆیەوە لە بەیاننامەیەكدا، عەبدوڵڕەزاق شەممەری گوتەبێژ بە ناوی خۆپیشاندەرانی شاری رومادی، ئاماژەی بەوەكرد: سەرجەم ئەو بڕیارانەی لە كۆبوونەوەی هۆزەكانی ئەنبار دەركرا بۆ پێكهێنانی شاندێك بۆ دانوستان لە گەڵ حکوومەت ڕەتدەكەینەوە، شاندەكەش بە نوێنەری خۆمان نازانین، بەو پێیەی نوێنەری خۆپیشاندەران بەشدارییان لەو كۆبوونەوەیەدا نەكردووە.




