ئەشواق جاف: لەبەر دان نەنان بە کیمیابارانی هەلەبجە لە کۆنگرەکەی تورکیا کشامەوە

بەغدا- تایبەت بە KDP.info/ ئەشواق جاف ئەندام پەرلەمانی عێراق لە رونکردنەوەیەکی تایبەتدا دەربارەی کشانەوەی لە کۆنگرەکەی تورکیا دەڵێت، ئێمە لەسەر مەسەلەی کیمیابارانکردنی هەلەبجە کشاینەوە. لەم رونکردنەوەیەدا کە دانەیەکی تایبەت بۆ KDP.infoنێردراوە ئەم ئەندام پەرلەمانە دەڵێت: دوای ئەوەی لەچەندین شوێنەوە باسوخواس لەكشانەوەی بەندە و دوو لەهاوەڵانی پەرلەمانتارمەوە لەكۆنگرەی مافی مرۆڤ لە توركیا پێم باشبوو ئەم روونكردنەوەیە بڵاو بكەمەوە بۆ رای گشتی.
بەرێزان رۆژی 23/5/2013 لە كۆنگرەیەكی تایبەت بەمافی مرۆڤ لەعێراق كە لە توركیا بەرێوەچوو، کە لەلایەن رێكخراوی یەكێتی پارێزەرانی نێودەوڵەتییەوە من و دوو پەرلەمانتار دەستمان لە كار كێشایەوە بەو هۆیەی كیمیابارانی هەڵەبجەیان بەكۆمەڵكوژی نەدەزانی و ئینكاری ئەو كۆمەڵكوژیەیان لە لایەن بەعسەوە دەكرد و بەكاری وڵاتێكی دراوسێیان دەزانی.
لە رۆژی یەکەمدا دەست لە كاركێشانەوەیەكم خستە بەردەمی بەرێوەبەری كۆنگرەكە بەو هۆیەی كیمیاباران و كۆمەڵكوژییەكەی هەڵەبجەی شەهید تاوانێكی گەورە و كەم وێنەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و هیچ پێویستی بەبەڵگە هێنانەوە نییە و ئەو بۆچوونەش قابیلی قبوڵكردن نییە.
من ئەگەر دەستم لە بەشداریكردن نەكێشابایەوە دەبوو رازی بم بەو تاوانە ئابڕو بەرە، كە حكوومەتێك هاووڵاتیانی بێتاوانی خۆی بەچەكی كۆمەڵكوژ بكوژێت و لە لایەن كەسانێكی دیكەی كۆنگرەكەشەوە بیخەنە ئەستۆی وڵاتێكی دراوسێمان، من سوێندم خواردووە راستگۆ و داكۆكی كەرێكی راستەقینە بم لە مافی هاووڵاتیانی وڵاتەكەم.
رۆژێك پێش كۆنگرەكە لە گەڵ یەكێك لەبەشداربووەكانیدا لە بارەی هەڵەبجەوە گفتوگۆمان كرد زۆر سەیر وەڵامی دامەوە و گوتی رژێمی بەعس ماددەی (گەچ)ی رژاند بەسەر هەڵەبجەدا، بەڵام دواتر وڵاتێكی دراوسێ كیمیابارانی كرد.
خاڵێكی دیكەی ئەو كۆنگرەیە كە وای كرد ئێمە دەست لەكاربكێشینەوە ئەوە بوو كۆنگرەكە لە هێڵی ئەكادیمی خۆی دەرچوو بوو، تەنیا یەك بۆچوون دەستی گرتبوو بەسەر كارەكانی ئەو كۆنگرەیەدا كە كارەكانی خستبووە ژێر پرسیارەوە.
ئەوەی زیاتر بووە هۆی ئەوەی دەست لە كاربكێشینەوە ئەوە بوو كە نەیاندەهێشت هیچ بەشدارییەك بكەین لە بەرانبەر ئەو بۆچوونانەی دەخرانە رووە و مانەوەشمان بەبێدەنگ بوون دەبووە نیشانەی رازی بوونمان، بۆیە یەكەم كەسبووم دەستم لە بەشداری كردنی ئەو كۆنگرەیە كێشایەوە.




