مەكتەبی سیاسی :لەبیست وچوار سەعاتی داهاتوودا یەكێتیی وڵامنامەكەی خۆی دەگەیەنێتە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان

سلێمانی - KDP.info / ئەمڕۆ پێنجشەممە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆ ئەنجامدا و باسی لە یادیکردنەوەی یەکێتی کرد لە بەشێکی کۆبوونەوەکەیاندا سوپاسی زۆری بەڕێز سەرۆكی هەرێم و حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و بەڕێزان سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق و جیهان، هەروا كونسڵ و نوێنەرانی وڵاتان و حزبە سۆسیال دیموكراتەكانی دنیا و حزبە دۆستەكانی تر كرد، كە بە بروسكە یان بە تەلەفۆن یان بە بەشدار بوون لەئاهەنگی تایبەت هاوبەشی خۆشیەكانمان بوون.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەئاساییەكە، تاوتوێكردنی پرسە سیاسییە گرنگەكانی ئێستای كوردستان بوو، لەو بارەوە مەكتەبی سیاسی سیاسەت و هەڵوێستە رەسمییە راگەیەندراوەكانی یەكێتی تەئكید كردەوە بە تایبەت لەبارەی پرسەكانی دەستوور و هەڵبژاردنەكان و هاوپەیمانی و لیستی سەربەخۆ و سازانی نیشتمانی و یەكڕیزی ماڵی كورد و سیاسەتی كرانەوە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق.
هەر لەو چوارچێوەیەدا مەكتەبی سیاسی نامەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی تاوتوێكرد كە لە 26/5/2013 دا بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی تری ناردبوو. لەو بارەوە كۆبوونەوە ناردنی نامەكەی بە هەنگاو و دەرەفەتێكی لەبار و ئیجابی زانی بۆ وەدیهێنانی كرانەوەیەكی نوێ لە پەیوەندی نێوان حزبە سیاسییەكان بۆ راوێژ و بیروڕاگۆڕینەوە لەبارەی پرسە گرنگەكانی ئەمڕۆی كوردستان بە تایبەت مەسەلەكانی پەیوەست بە دەستوور. لەو بارەوە كۆبوونەوە هێڵە گشتییەكانی وەڵامنامەیەكی تاووتوێكرد و دواتریش پەسندی كرد كە تیایدا، دیدو بیروبۆچوونی یەكێتی لەبارەی ناوەرۆكی نامەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم روونكردۆتەوەو وەڵامنامەكەش لەسەر بنەمای یەكڕیزی و سازانی نیشتمانی و پاراستنی هاوپەیمانی و پەیوەندییەكان و ئەگەر و پێشهاتەكانی كوردستان و عیراق و ناوچەكە و تێپەڕاندنی قەیرانەكە لەبەرژوەندی پرۆسەی سیاسی و ئایندەی كوردستان داڕێژراوە.
دواتر كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی، گفتوگۆی لەبارەی چەند بابەتێكی پەیوەست بە مەسەلەكانی هەڵبژاردن و یاساو رێساكانییەوە كرد.
لەبارەی وەڵامنامەكەی یەكێتی بۆ بەڕێز سەرۆكی هەرێم ئازاد جندیانی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی رایگەیاند: لەبیست وچوار سعاتی داهاتوودا یەكێتیی وڵامنامەكەی خۆی ئەگەیەنێتە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان




