پەرلەمانتارێکی کورد: بەھاتنی مالیکی بۆ کوردستان رەنگە زۆر لەکێشەکان چارەسەربکرێن

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ مەحما خەلیل ئەندامی پەرلەمانی عێراقێ لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بەKDP.INFOراگەیاند: سەردانی نوری مالیکی بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە وکاتەکەی زۆر گونجاوە و چاوەڕوان دەکرێت لەم سەردانەدا زۆرینەی کێشەکان چارەسەر بکرێن.
مەحما خەلیل گوتیشی: دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد و رێککەوتنێکی حەوت خاڵی لە گەڵ نوری مالیکی ئیمزا کرد، ئێستە ھاتنی مالیکی بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوە نیشان دەدات کە نیازی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنەی ھەیە.
خەلیل رونیشیکردەوە: کاتی سەردانەکە زۆر گونجاوە وچاوەڕوان دەکەم ئەم سەردانە ئەنجامی زۆر باشی ھەبێت کە ببێتە ھۆی چارەسەرکردنی زۆرینەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا.
بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ بڕیارە لە ھەفتەی داھاتوو نوری مالیکی سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدات و چەندین دیداریش لە گەڵ سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان سازبکات.




