ژمارەی ئەو گەشتیارانە كە روو لە دیاربەكر دەكەن رووی لە زیاد بوونە

دیاربەكر- KDP.info- هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا كەرتی گەشتووگۆزاریش لە دیاربەكر بۆژایەوە و رێژەی ئەو گەشتیارانە كە روو لە دیاربەكر دەكەن رووی لە زیاد بوون كردووە.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاوی كردووەتەوە كە لە ماوەی 23 ساڵی رابردوو دا ساڵانە تەنیا 8 هەزار گەشتیار سەردانی شاری دیاربەكریان كردووە، بەڵام دوای دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری كەرتی گەشتووگۆزاری لە دیاربەكر پێشكەوتنێكی یەكجار گەورەی بە خۆیەوە بینیوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە لە شەش مانگەی یەكەمی ساڵی 2013دا زیاتر لە 35 هەزار گەشتیار روویان لە دیاربەكر و شوێنە گەشتووگۆزارییەكانی دیاربەكر كردووە و ئەمەیش تا ئێستە زۆرترین رێژەی گەشتیارانە كە روویان لە دیاربەكر كردووە.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە شاری دیاربەكر لە باكووری كوردستان یەكێكە لە شوێنە گەشتیارییەكانی باكووری كوردستان و خاوەن چەندین شوێنی مێژووی و ئاینی و كلتوورییە.




