ئورهان پامۆك: رژیمی ئاكەپە رژیمێكی سەركوتكارە

ئەستەنبۆلKDP.info-/ رۆژی چوارشەممە گەورە نووسەری تورك ئورهان پامۆك سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ رایگەیاند كە خۆپیشاندان مافی رەوای هەر كەسە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی دوغانی توركی بڵاویكردۆتەوە كە تاقە نووسەری توركی هەڵگری خەڵاتی نوبەل ئورهان پامۆك لە گوتەیەكدا باسی خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەقسیمی كردووە و گوتوویەتی: لە هەر وڵاتێكی دیموكراتیكدا خەڵك مافی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی هەیە و ئەمە مافێكی سەرەكە و رەوای خەڵكە.
پامۆك لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا رەخنەی لە هەڵوێستی حكوومەت و پولیسی توركیا لە بەرامبەر خۆپیشاندەرەكان كردووە و گوتوویەتی: ئەو خەڵكە ئەوەی حەق نەكردبوو كە پولیس لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا بەمجۆرە هێرشی بكاتە سەر.
ناوبراو حكوومەتەكەی ئەردوغانیشی بە حكوومەتێكی سەركوتكەر و ئوتوریتەر لە قەڵەم داوە و جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە بەكار هێنانی توندوتێژی لە دژی خەڵك كاری حكوومەتێكی سەركوتكەر و ئوتوریتەرە.




