ئاساییشی كەركووك: سوپای عێراق بە لەمپەر خستنە بەردەم لێدانی چاڵ بە دەوری كەركووكدا تۆمەتبار دەكات

کەرکووک- KDP.info / بەڕیوەبەرایەتیی ئاساییشی كەركووك، ڕایگەیاند، بە هۆی لەمپەر خستنە بەردەم كارەكانی پڕۆژەی چاڵ لێدان بە دەوری كەركووكدا لەلایەن فیرقەی 12ـەوە چوار ڕۆژ کارکردن تێیدا ڕاگیراوە. ئیدارەی پارێزگاكەیش هەر دەستتێوەردانێكی دەرەوەی كەركووك لە كاروبارەكانیدا بە مەبەستی تێكدانی ڕەوشە ئەمنییەكەی ڕەت دەكاتەوە.
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك، عەمید هەڵۆ نەجات، بە ماڵپەڕی مەداپرێسـی ڕاگەیاند هێزەكانی فیرقەی 12ـی سوپای عێراق، گرفتی بۆ پڕۆژەی هە ڵكەندنی چاڵ بە دەوری كەركووكدا هێناوەتە پێش و بە هۆیەوە چوار ڕۆژ كاركردن لە پڕۆژەكەدا وەستێنرا، بەڵام پاش دانوستان لەگەڵ ئەو هێزەدا كاركردن لە چاڵ لێدانەكە دەستی پێ كردووەتەوە و تائێستا 5 كیلۆمەتر هەڵكەنراوە.
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك جەختی كردەوە كە "ئیدارەی پارێزگای كەركووك، ڕێ بە هیچ هێزێك نادات لە دەرەوەی كەركووكەوە دەستوەربداتە كاروبارەكانی و شێواندنی ڕەوشی ئەمنی."
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 16ـی نیسانی 2013ـدا، بە زۆرینەی دەنگ، بەڵام بێ دەنگی عەرەب لە ئەنجوومەنەكە، لێدانی چاڵێكیان بە دەوری كەركووكدا پەسند كرد كە درێژییەكەی 48 كم و قووڵیی 3 مەتر و پانییەكەیشی 3 مەتر دەبێت.




