ئەمریكا داوا لەتەنتاوی دەكات پەلە لە گواستنەوەی دەسەڵات بكات

لیۆن پانێتا وەزیری بەرگری ئەمریكا داوای لە موشیر حسێن تەنتاوی سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی میسر كرد پەلە بكات لە گواستنەوەی دەسەڵات لە وڵاتەكەیدا.
پنتاگۆن لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد كە لەپەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ تەنتاوی، پانێتا جەختی لەسەر پێویستی هەنگاونان كردۆتەوە بە ئاراستەی پەلەكردن لە گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە میسر و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە نزیكترین دەرفەتدا دوای ئەوەی دادگای باڵای دەستوریی وڵات بڕیاڕی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی گەلی دەركرد.
هاوكات لە بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە موشیر تەنتاوی لەپەیوەندییە تەلەفونییەكەدا پابەندبوونی ئەنجومەنی باڵای سەربازی دوپاتكردۆتەوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەی لەماوەی دوو رۆژدا بەڕێوەدەچێتو سوریشە لەسەر ئەوەی لە 1ی تەموزی داهاتوودا دەسەڵات تەسلیمی حكومەتێكی دیموكراتی لەوڵاتەكەی بكاتەوە.




