لە ئەنقەرە 787 كەس بریندار بوونە

ئەنقەرە- KDP.info/ ژووری پزیشكانی ئەنقەرە لە راگەیندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ماوەی ئەم سێ رۆژەی دوایی خۆپیشاندانەكانی مەیدانی قزڵ ئایدا بە لانی كەمەوە 787 هاووڵاتی بریندار بوونە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی دوغانی توركی بڵاویكردەوە كە لە چوارچێوەی خوپیشاندانەكانی خەڵكی ئەنقەرە بۆ پشتگیری كردنی خۆپیشاندانەكانی ئەستەنبۆڵ، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی و پۆلیس بریندار بوونە و ژمارەیەكی خۆپیشاندەریش دەستگیركراون.
ئاژانسی ناوبراو ئاماژەی بە راگەیەندراوێكی ژووری پزشكانی ئەنقەرە سەبارەت بە ژمارەی ئەو بریندارانە كردووە كە بە مەبەستی دەرمان كردنیان براونەتە نەخۆشخانەكانی ئەو شارە. بە پێی ئەم راگەیەندراوە لە سێ رۆژی دوایی لە ئەنقەرە بە لانی كەمەوە 787 كەس بریندار بوونە و هەر لەم سێ رۆژەی دواییدا 200 خۆپیشاندەریش لە لایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراون.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە تا ئێستە دوو كەس بە هۆی خۆپیشاندانەكانی توركیاوە گیانیان لە دەستداوە.




