سەلاحەدین دەمیرتاش: ئەو هێرشانە كاریگەرییان لە سەر قۆناغی چارەسەر كردن نییە

دیاربەکر- KDP.info/ رۆژی دووشەممە لە كاتی گەڕانەوەی گرووپێكی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە بۆ نێو سنوورەكانی باشووری كوردستان، لە گوندی سورخونی ناوچەی باشقەلەی شاری واندا رووبەرووی هێرشی سوپای توركیا بوونەوە و بۆ چەند خۆلەیەك شەڕ رووی دا.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاویكردۆتەوە كە هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش سەبارەت بەو هێرش و شەڕە چەند خۆلەكییە رایگەیاندووە كە ئەمجۆرە هێرش و رووداوانە لە قۆناغێكی بەمجۆرەدا چاوەروان كراون و هیچ جۆرە كاریگەرییەكیان لە سەر قۆناغی چارەسەر كردنی پرسی كورد نابێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە هێرش و شەڕی گوندی سورخونی ناوچەی باشقەلە بۆ ماوەی چەند خۆلەیەك بەردەوام بووە و هیچ جۆرە زەرەرێكی گیانی بە دواوە نەبووە و ئیرادەی هەر دوو لا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد بەهێزترە لەوەی كە هێرشێكی بەمجۆرە بتوانێت كاریگەری لە سەر بكات.




