حەسەن عەلەوی: عێراق چەندین ساڵی تر هەر لەم دۆخەی ئێستایدا دەمێنێتەوە

هەولێر- رۆژنامەی هەولێر - KDP.info/ بیرمەند و پەرلەمانتاری بێلایەنی عێراقی، حەسەن عەلەوی، باس لە بوونی شەڕێكی تایفیی ڕاستەقینە لە عێراقدا دەكات و پێیوایە بەمزووانە كێشەكانی ئەم وڵاتە چارەسەر نابن، هەروەها باس لەوە دەكات كە گەلی عێراقیش لەگەڵ ئەم ناكۆكییە تایفییانەدایە، بۆیە سیاسییەكانیش ئەمە بۆ بەدەستهێنانی دەنگیی خەڵك بە كار دەهێنن. ئەم بیرمەندە، هەرێمی كوردستان بە دەوڵەتێكی بێدەنگ لەنێو عێراق لە قەڵەم دەدات و پێیوایە كورد قورساییەكی زۆری هەیە.
لە دیمانەیەكدا لەگهڵ ڕۆژنامەی هەولێر کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاو بووەتەوە، حەسەن عەلەوی، باوەڕی یوایە، گەلی عێراق لێك ترازاوە، بەڵام نایانەوێ ددانی پێدابنێن، نابێت ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات بەپێی ئەزموون و سەرچاوەكانی بیری سیاسیی جیهانی شیی بكەیتەوە، بەڵكوو لە ڕێگەی دۆخەكانی لێكترازان و ناكۆكیی تایفی شیكردنەوەی بۆ بكەی، زیاتر گوتی "ئێستا ئێمە لەنێو لێكترازانی شیعی و سوننیدا دەژین و لە قوناخی توانەوەداین، دروشمی فیتنەی تایفی بەرنامەیەكی پێویستە لە لێكترازانی تایفیدا. بەرپرسی عێراقی لە دروشمی تایفی و چوونە نێو ناكۆكیی تایفی ناوەستێت، چونكە ئەم ناكۆكییە دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگ بە دەست بهێنێت."
ئەو زیاتر گوتی، هیچ چارەسەرێكی ڕیشەیی بوونی نییە، عێراق چەندین ساڵی تر هەر لەم دۆخەی ئێستایدا دەمێنێتەوە، چونكە كۆمەڵگە دابەش بووە، چارەسەر نییە، ڕەنگە چارەسەر بخرێتە ڕوو، بەڵام بەهای نییە، هیچ چارەسەرێكی كردەیی بەمزووانە ئامادە نابێت.
دەربارەی كێشەكانی نێوان ناوەند و هەرێم بە تایبەت پاش واژۆكردنی حەوت خاڵ کە لە ئەنجامی سەردانێکی پێشووتری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا مۆر كرا، هەروەها نیازی ڕاستی حكوومەتی بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان گوتی،
"كێشەكان چارەسەر نابن، ئەو ناكۆكییە سرووشتییە و بەردەوام دەبێت و كاتێكیش دەچینە سەر دیاریكردنی سنوورەكانی نێوان پارێزگاكان، ئەوكات ساتی ناكۆكیی خوێناوی دەبێت، بۆیە ئەو ڕێككەوتننامە ڕەنگە هەبێت، بەڵام چارەسەر لەسەر سنوورە ئیدارییەكان نابێت، كەس نكۆڵی لە مافی كوردەكان ناكات، بەڵام زۆرێك دژی نەخشەی نەتەوەیی كوردن."
لەبارەی داهاتووی عێراق و هەرێمیشەوە حەسەن عەلەوی دەڵێت، "عێراقی عەرەبی بەرەو دەوڵەتی بەتاڵ و هەرێم بەرەو دەوڵەتی پڕ دەچێت، دەوڵەتی بەتاڵ هاوبەشی ڕۆحی و ئایینی و نەتەوەیی نییە، ئەوانەی عەرەبن، دابەش بوون، ئیسلامییەكان دابەش بوون، شیعەكان دابەش بوون، سوننە دابەش بوون.
ئەو بیرمەند و پەرلەمانتارە بێلایەنە عێراقییە لەبارەی ئەو مشتومڕەی لە هەرێمی كوردستان لەسەر دەستوور هەیە، گوتی، "دەستوور هەموار دەكرێتەوە، خۆ شتێكی ئەوەندە پیرۆز نییە؛ كۆمەڵگە دەستوور دروست دەكات، كێشەكە لەسەر سەرۆكایەتیی هەرێمە، مەسعوود بارزانی پێش ئەوەی سەرۆكی هەرێم بێت، سەركردە و خەباتگێڕە و ملكەچی ویراسیكردن نەبووەتەوە. من لێرەدا لە كوردێك كوردترم و لە بارزانییەك بارزانیترم، مەسعوود بارزانی ملكەچی كارێزمای بنەماڵەیە وەك ئەوەی من ناوم لێ ناوە، سەیری نەهرۆ بكە لە هیند كە كارێزمای هەبوو پاش خۆی كچەكەی هات و دواتر كوڕەكەی، ئەمە زۆر گرنگە ئەو كارێزمایە، بەڵام ئەمە جیاوازیی هەیە لەوەی قەزافی و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەیانویست بیكەن، چونكە لێرەدا باوكی مەسعود بارزانی سەرۆكی كۆمار نەبووە، تا كوڕەكەی بكاتە سەرۆكی هەرێم، ئەو خەباتگێر بوو كارێزمای خەباتی بەخشییە كوڕەكەی و كارێزمای سەركرایەتیی كۆمەڵگەی پێ بەخشی، كێ لە مەلا مستەفا زیاتر لەسەر بەردێك لە چیا شەڕی كردووە، كوا كەسێك هەیە نان و چا لە چیا بخوات، خۆ مەلا موستەفا سەرۆك نەبوو، بیست ساڵ بوو یەك قاپوتی لە بەردابوو، بۆیە ئەوەی ئێستا كارێزمای بنەماڵەیە نەك بە ویراسیكردن."
عەلەوی زیاتر گوتی، "لە لایەكی دیكەیشەوە هەڵبژاردنیش هەیە، كێ خۆی دەپاڵێوێت بەرامبەر بە مەسعوود بارزانی با خۆی بپالێوێت، هەڵە ئەوەیە خۆیان نەپاڵێون، لێگەڕێ با خۆیان بپاڵێون، بەڵام تا ئێستا سەركردەی نەتەوەیی كورد مەسعوود بارزانییە و ئەمەیش لە كوردانی دەرەوەدا هەستی پێ دەكەیت. ئۆجەلانیش لە ڕێگەی مەسعوود بارزانییەوە گەیشتە ئاشتی، بارزانی ئەو ئیشەی كرد ئەو ئاشتییەی بەدی هێنا




