٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمەریكا و روسیا و ئەلمانیا داوا لە توركیا دەكەن رێز لە مافی خۆپیشاندەرەكان بگرێت

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە-KDP.info/ هاوكات لەگەڵ بەردەوام كردنی خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ و چەند شارێكی دیكەی توركیا و بەردەوام بوونی توندوتیژییەكانی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەرەكان، ئەمرۆ هەر یەك لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، سەرۆك وەزیری رووسیا و راوێژكاری ئەڵمانیا داوایان لە حكوومەتی توركیا كرد كە رێز لە مافی خۆپیشاندەرەكان بگرێت و لە دژی خۆپیشاندەرەكان هێز بەكار نەهێنێت.

لەم بارەیەوە ماڵپەڕی خەبەرلەری توركی بڵاوی كردووەتەوە كە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ژون كێرری رایگەیاندووە كە ئەمەریكا پشتگیری لە مافی خۆپیشاندان بۆ هەر كەس و لایەنێك دەكات و بەكار هێنانی هێز لە لایەن پۆلیسەوە لە دژی خۆپیشاندەرەكانی ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرە بووەتە هۆكاری دڵگرانی ئەمەریكا.

هەر لەم بارەیەوە وتەبێژی سەرۆك وەزیری روسیا رایگەیاندووە كە وەلادمیر پوتین باسی خۆپیشاندانەكانی توركیای كردووە گوتوویەتی: ئەمە مەسەلەیەكی ناوخۆیی توركیایە و ئێمە مافی دەستوەردانی یا خۆی پشتگیری كردن لە لایەنێكمان نییە بەڵام پێویستە لە چوارچێوەی جارنامەی مافی مرۆڤدا رێز لە مافی خۆپیشاندەرەكان بگیردرێـت.

لە لایەكی دیكەیشەوە راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگەلا مەركەل داوای لە توركیا كردووە كە رێز لە مافی ئازادی رادەربرین و ئازادی گردبوونەوە بگرێت و چی دیكە مافی خۆپیشاندەرەكان پێشەل نەكات.

مەركەل لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە دەوڵەتێكی یاسایی بۆی نییە لە دژی خۆپیشاندەرەكان هێزی لە رادەبدەر بەكار بهێنێت و بۆیە پێویستە حكوومەتی توركیا لەم روویەوە زۆر هۆشیار بێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار