داوا دەکرێت ناوی بەرێوەبەرایەتییەکانی راگەیاندن بگۆڕدرێت بۆ پەیوەندییە گشتییەکان

ھەولێر- تایبەت بە kdp.info/ کۆمەلەی پەیوەندییە گشتییەکان لە کوردستان داوا دەکات لە یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری ناوی بەرێوەبەرایەتییەکانی راگەیاند بگۆردرێت بە پەیوەندییە گشتیەکان، ئەمەش بۆ ئەوەی شەفافیەت لە کوردستان بگاتە ئاستی پێویست.
رسول سالح سەرۆکی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان رەخنە لە پەرلەمان دەگرێت و بە kdp.infoراگەیاند: ئێمە لە 27\7\2012کە ھێشتا مۆڵەتمان وەرنەگرتبوو، وەک دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵە سەردانی پەرلەمانمان کرد و لە لایەن بەرێز ئاسۆ کەریم سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن و رۆشنبیری و شوێنەوار پێشوازیمان لێکرا.
لەم کۆبوونەوەیەدا بە بەڕێزیانمان راگەیاند، ئەرکی پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنووسان و ھاووڵاتیان لە ئەستۆی راگەیاندنی وەزارەتەکانە و داوا دەکەین ئەم ئەرکە لە ئێمە نەستێندرێتەوە، چونکە زیاتر دەبێتەوە ھۆی پەراوێزخستن و لاوازکردنی راگەیاندنی حکوومی، بۆیە داوامان کرد کە لە جیاتی ئەوەی یەک کەس بۆ ئەم ئەرکە تەرخان بکرێت و دواتر راھێنانی زۆر دەخایەنێت و تێچووی زۆر دەبێت لە کاتێکدا فەرمانبەرانی راگەیاندن شارەزایی زۆریان لەمبوارە ھەیە و تەنیا کێشەیان نەبوونی دەسەڵات بووە و ھیوامان وابوو ئەم یاساییە ئەم کێشەمان بۆ چارەسەر بکات، بەڵام دەبێتە ھۆی پەراوێزخستنمان.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکان لە درێژەی لێدوانەکەی گوتی: بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان بەرێوەبەرایەتییەکانی راگەیاندن لە دەزگاکانی حکوومی زۆر لاوازن، ھەر بۆیەش ئێمە ھەڵساین بە دامەزراندنی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکان کە لە ھەموو وڵاتان جگە لە ھەرێمی کوردستان، ناوی پەیوەندییە گشتییەکانە و کە پردی پەیوەندییە لە نێوان ھاووڵاتیان و دەزگاکان چ حکوومی، چ کەرتی تایبەت، بۆیە داوا لە ئەندام پەرلەمانە بەرێزەکان دەکەین بۆ ئەوەی ئەم یاسایە لە ھەرێمی کوردستان بچێتە واری جێبەجێ کردنەوە، داوا دەکەین دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە راگەیاندنی دامودەزگا حکومییەکان و ھەر لەم یاساییە ناوی بەرێوەبەرایەتییەکانی راگەیاندن بگۆڕدرێت بۆ پەیوەندییە گشتییەکان بۆ ئەوەی شەفافییەت لە وڵاتی ئێمەش بگاتە ئاستی پێویست.




