ئەحمەد تورك: پێویستە پارت و لایەنە سیاسییەكانی باكور یەك بگرن

دیاربەكر- KDP.info/ لە عەرەفەی ئامادەكارییەكانی سازدانی كۆنفرانسی یەكێتی كورد لە باكوور، رۆژی یەك شەممە هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك ئەحمەد تورك داوای لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی باكووری كوردستان كرد، كە بەشداری لەم كۆنفرانسەدا بكەن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاویكردۆتەوە كە ئامادەكارییەكان بۆ سازكردنی كۆنفرانسی یەكێتی كورد لە باكووری كوردستان دەستیان پێكردووە و بڕیارە لە رۆژی 15ی ئەم مانگە بە بەشداری ژمارەیەك زۆر لە پارت و لایەنە سیاسییەكان لە شاری دیاربەكر ئەم كۆنفرانسە دەست پێبكات.
لەمبارەیشەوە هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك ئەحمەد تورك داوای لە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی باكوری كوردستان كردووە كە بۆ بەهێزتركردنی یەكێتی نێو ماڵی كورد و یەك دەنگی كورد بەشداری ئەم كۆنفرانسە بكەن.
ناوبراو هەروەها داوای لە پارتی هاك پار و هۆدا پاریش كردووە كە هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن و بەشداری ئەم كۆنفرانسە بكەن چونكە ئەم كۆنفرانسە بۆ گەلی كوردە، نەك بۆ پارت و لایەنێكی دیاریكراو.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە هەر دوو پارتی هاك پار و هۆدا پار رایانگەیاندووە كە بەشداری ئەم كۆنفرانسە ناكەن.




