عێراق.. 24 زیندانیکراوی دیکە لە سێدارە دەدرێن

ناسرییە - KDP.info / دوای ساغبوونەوەی کەیسەکانیان لەلایەن دادگاوە، 24 زیندانیکراو لەلایەن پۆلیسی پارێزگای ناسرییەوە : بەمەبەستی جێبەجیکردنی بریاری لە سێدارەدان بەسەریان، رەوانەی وەزارەتی دادی عێراق کران، سەرچاوەیەکی پۆلیس لە پارێزگای ناسرییە بە ماڵپەری ئەینی راگەیاند، ئیدارەی بنکەی چاکسازی لە ناسرییە 24 زیندانی کراوی رەوانەی بەغدا کردووە، تا بریاری لە سیدارەدانیان بەسەر بسەپێنرێت ، سەرچاوەکە ئەوەشی خستەروو : ئەو زیندانیانە بە هۆی کوشتنی هاوڵاتیان و بەشداری کردنیان لە کردارە تیرۆریستەکان تۆمەتباربوونە و دەستیان بە خوێنی خەلكی سڤیل سوور بووە ، دواتر لەلایەن دادگاوە تاوانەکانیان بەسە ساغبۆتەوە ،لای خۆشییەوە وەزیری دادی عێراق حەسەن ئەلشمەری رەخنەی لە راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی عێراقەوە گرت و بە نادادپەروەری لە قەڵمدا ،وەزیری دادی عێراق رایگەیاند: راپۆرتی رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی لەبارەی لەسێدارەدان ، دوورن لە واقیع و هەژمارکردنی عیراقیش بە سێیەمین وڵاتی جیهان، نادادپەروەری تێدایە ،چوونکە عێراق لە بارودۆخێکی دژوار تیپەر دەبێت و گروپە تیرۆریستییەکان بوونیان هەیە. بۆیەش ژمارەی لە سێدارەدان لە عێراق بەرزە.




