پەرلەمانتارێکی کورد: کۆبوونەوەی نێوان کوتلە سیاسییەکان تەنھا بۆ سەرقاڵکردنی راگەیاندنە

بەغدا-تایبەت بەKDP.info/پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت: دەستپێشخەرییەکەی عەمار ئەلحەکیم ھیچ ئەنجامێکی نابێت، تەنھا بۆئەوەیه چەند رۆژێک راگەیاندنەکانیان پێوە سەرقاڵ بکەن.
د.حەمید باڤی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: لەکۆبوونەوەی شەوی رابردوی نێوان کوتلە سیاسییەکان ھەریەکە لە ھوشیار زێباری و رۆژ نوری شاویس وەک نوێنەری کورد بەشداریان لە کۆبوونەوەیە کردووە، بەڵام برواناکەم ھیچ ئەنجامێکی ھەبێت و تەنھا بۆ سەرقاڵکردنی راگەیاندن و کات کوشتنە.
د.حەمید باڤی گوتیشی: ئەگەر رێکكەوتنیش بکرێت لەسەر حیسابی کورد نابێت، چونکە کورد ھەمیشە ھەوڵی لە یەک نزیک کردنەوەی لایەنەکانی داوە و لە گەڵ دانوستان و گفتوگۆ دابووە، بۆیە کورد پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە دەکات و ھیوادارین ئەنجامی باشی ھەبێت.
باڤی رونیشیکردهوە، ئەگەر کورد لە نێو خۆیدا یەک ھەڵوێست و یەکگرتوو نەبن، لە یەک نزیک بوونەوەی شیعە وسونە کاریگەری خراپی بۆ سەر کورد دەبێت، بەڵام ئەگەر یەک ھەڵویست و یەکگرتوو بن ھیچ لایەنێک ناتوانی زەرەر بەکورد بگەینێ.
شەوی رابردوو لە سەر داخوا عەمار حەکیم رابەری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە ماڵی ناوبراو کۆبوونەوە.




