٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی کوردستانی سەبارەت بە بودجەی هەرێم روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ شەممە 16/6/2012 ، فراکسیۆنی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بودجەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردوەتەوە کە وێنەیەکی بۆ kdp نێردراوە و لەچەند خالێكدا بۆ رایگشتی هەرێم چەند راستیەكیان خستۆتە روو، ئەمەش دەقی روونكردنەوەكەیە:

بەپێویستمان زانی لەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستان ئەم خاڵانەی خوارەوە و چەند ڕاستەیەک بخەینە پێش چاوی ڕای گشتی لە پێناو ئەوەی چەواشەکاری بەلاڕێدابردن کە لەسەر بودجەدا وەڕێ خراوە بۆ هەمووان ڕوون بکەینەوە.

یەکەم: وەک بەشێک لەو پلانە داڕێژراوەی بۆ ناشیرن کردنی بودجە و شێواندنی ناوەڕۆکەکەی و داپۆشینی پەراوێزخستنی لایەنە باشەکانی لەلایەن فراکسیۆنی گۆڕانەوە داڕێژرابوو کە دەمێکە توانای مادی و حزبیەکانی خۆیان بۆ وەگەڕخستووە ڕۆژی 11/6کاتژمێر حەوتی ئێوارە کاتێک بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان گەیشتە بڕگەی دەست پێکردنی گفتوگۆ لەسەر بودجە بێ ئەوەی یەک وشە و ڕستە و قسەیەک لەهۆڵی پەرلەماندا کرابێت فراکسیۆنی گۆڕان دەستی کرد بە کورسی کوتان و پشێوی نانەوە و دروست کردنی کەشێکی تەواو نایاسایی و نامەدەنی و ناشارستانی و کە پێشەلکردنی زەقی تەواوی پەیڕەوی ناوخۆیە ئەمە تەنیا بۆ ئەوەی لەزاری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانەوە ڕاگەیاندرا ڕێگە نادرێت بە تێپەڕین و پەسەند کردنی بودجە، ئەمە لەکاتێکدا بەهۆی پەسەند نەکردنی بودجەوە بازاڕی هەرێمی کوردستان تووشی وەستان و چەق پەستن بووە ملیۆنان هاوڵاتی چاوەڕوانی پەسەند کردنی بودجەن تا بتوانن لەپێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری و قەرز پێدان و پڕۆژەکان و گشت بوارەکانی تر بودجە سوود مەند بن.

دووەم: دوای ئەو فەوزایەی فراکسیۆنی گۆڕان لە ڕۆژی 11/6 لەناو هۆڵی پەرلەمان سەرلەبەیانی ڕۆژی 12/6 بەسەرپەرشتی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبونەوەیەکی تایبەت لەنێوان فراکسیۆنەکانی (کوردستانی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ) بەڕێوەچوو هەڵوێستی ئێمە ڕاشکاوانە ئەوەبوو کە دەبێت بە پێی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ گفتوگۆی بودجەدا بکرێت، بۆ ڕەفتار کردن لەگەڵ پێشنیار و سەرنجەکان باشترین میکانیزمی یاسایی لیژنەکانی (یاسایی و دارایی) پەرلەمانن، کە نوێنەری هەموو فراکسیۆنەکانی تێدایە و بەهیچ شێوەیەک نەک ئەوکات نە ئێستا لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەی تایبەت نیین هەر بۆیە، ناوەڕۆکی ڕوونکردنەوەی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 14/6 دەرچووە ڕەتدەکەینەوە، ئەوەش ڕادەگەیەنین کە لەو کۆبونەوەیەدا بەسەرپەرشتی سەرۆکایەتی لەگەڵ ئەو فراکسیۆنانەدا کرا کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد هیچ ئەندام پەرلەمانێک بەناوی فراکسیۆنی ئایندە ئامادە نەبووە، نیگەرانیشین لەوەی هەردوو فراکسۆنی یەکگرتوو و کۆمەڵ لەدەرکردنی ئەم ڕوونکردنەوەیەدا بەشدار بوون، چونکە هەڵوێستی ئەوان لەسەرەتاوە هەڵوێستێکی بابەتیانە و هاوسەنگانە بووە، بەڵام بەم هەنگاوە بەڕاستەوخۆی و ناڕاستەوخۆیی خرانە خانەی پشتیوانی کردن لەو هەڵە نایاسایی و پشێوی گەریانەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پێناو پەک خستنی بودجە دەیدات ئومێدەوارین هەموومان بەیەکەوە یاساییانە گفتوگۆ لەسەر بودجە بکەین و دەوڵەمەندی بکەین.

سێیەم: هۆکاری سەرەکی لە دواکەوتن و کورت هێنان لەبودجە کە کراوەتە چەقی گفتوگۆکان دیارە پەیوەندی بە سیاسیەتەکانی حکوومەتی بەغداوە هەیە، چونکە ئێمە لەڕووی ئابووریەوە سەربەخۆیمان نییە بودجەی هەرێمی کوردستان مانگانە لەشێوەی سولفە لە بەغداوە دەدرێت بۆیە هەر دواکەوتنێک لەپەسەند کردنی بودجە لەبەغدا دەبێتە مایەی دواکەوتنی بودجە لەهەرێمی کوردستان ئەم ساڵیش لەبەغدا لە 7/3 بودجە پەسەند کرا ئەمەش بووە هۆی دواکەوتنی پێشکەش کردنی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی کورت هێنانیش ئەوە دیسان بەهۆی ئەوەیە کە لە سالڕَی 2007 ەوە حکوومەتی عێراقی بەشی هەرێمی کوردستان لەداهاتی عێراق لە کۆمەڵێک بواری گرنگدا وەک پارەی هێزی پێشمەرگە و نەفەقاتی حاکیمە و نادات و تا ئێستا بەسەر یەکەوە زیاتر لە شەش ترلیۆن دیناری عێراقی قەرزاری هەرێمی کوردستانە ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیە بدات بەمەش بودجەی هەرێم تووشی کورت هێنان بووە لەکاتێکدا کارکردن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی هەرێم بەرپرسیاریەتی هاوبەشی سەر شانی هەموومانە کە چی بەداخەوە فراکسیۆنی گۆڕان خۆی لەو ئەرک و بەرپرسیاریەتە بەدور دەگرێت لادەدات.

چوارەم: ئێمە وەک فراکسیۆنی کوردستانی بۆ مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ بودجە چەندین ڕەخنەی بنیات نەر و سەرنج و پێشنیاری ئەوتۆمان هەن کە بەجدی دەبنە مایەی ئەوەی کە چاکسازی لەبواری بودجەدا بەکردەوە نەک بەدروشم بێتە دی و پارە و داهاتی بودجە زیاتر و باشتر بکەوێتە خزمەتی خەڵکی کوردستان لەوانە پێشنیارمان هەیە بۆچۆنیەتی چارەسەر کردنی پرسی دواکەتن و کورتهێنانی بودجە، چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە دەرماڵە، پێدانی بەخشینی ساڵانە بە خانەنشین و مووچە کەمەکانی فەرمانبەران و زیادکردنی پێشینەی خانووبەرە و بەردەوامی پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزپێدان بۆ پڕۆژەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی و تەرخان کردنی پارەی پێویست بۆ دروستکردنی قوتابخانە و بەردەوامی بەرنامەی تواناسازی و جێبەجێکردنی 4هەزار پڕۆژەی تەندروستی و کشتوکاڵ و ئاودێری وە چەندین پێشنیاری تر بەپشت بەستن بە ئیرادەی گەلی کوردستان و فراکسیۆنە هاوپەیمان و پەرۆشەکان بەشێوەی یاسایی و بابەتیانە بودجە هەڵسەنگێنین و پەسەندی کەین و بەشێوەیەکیش چاودێری حکوومەت دەکەین کە چالاکانە بڕگە و ماددەکانی یاسایی بودجە جێبەجێی بکات.

لەم ڕاستەدا هیوادارین لەبەرامبەر ئەو چەواشەکاریەی ئێستا بەرامبەر بودجەی هەرێم دەکرێ و هەوڵدەدرێ گفتوگۆکانی پەرلەمان لەسەر بودجە بکرێنە مەیدانی موازایەدەی سیاسی و دروشم دروشمبازی، بەرچاوتان ڕۆشنبێ دڵنیاشبن لەوەی ئێمە بەکردەوە ئەو ڕاستیانە دەسەلمێنین کە بودجەی هەرێمی کوردستان بودجەیەکە ڕوونە و شەفاف داڕێژراوە و پەسەند کردن و و جێبەجێکردنی دەبێتە مایەی زیاتری بوژاندنەوەی وڵات لەهەموو بوارە جیاجیاکان.

هەواڵی پەیوەندیدار