٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وتەبێژێکی یەكێتی: هیوادارین بزوتنەوەی گۆڕان سنورێك بۆ ئەم تۆمەت هەڵبەستنانەی راگەیاندنەكەیان دابنێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی – تایبەت بە KDP.info/ وتەبێژێکی یادەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە رونکردنەوەیەکدا بەرانبەر هەواڵێکی کەی ئێن ئێن، کە دانەیەکی ئەم رونکردنەوەیە نێرداروە بۆ KDP.infoداوا لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن، سنور بۆ تۆمەت بە خشینەوە دابنێن و رەچاوی سازانی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی بکەن، نەک پێچەوانە. ئەمەش دەقی رونکردنەوەکەی گوتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە:

سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئەمڕۆ1-6-2013لە كەناڵی كەی ئێن ئێنی سەر بەبزوتنەوەی گۆڕان بڵاوكرانەوەو وەك جارانی پێشوو باس لەوە دەكەن گوایە خەڵكانێك بەزۆر براون بۆ ئاهەنگەكانی ساڵیادی یەكێتی، وتەبێژێك لەلیژنەی باڵای یادكرنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی رایگەیاند: بەداخەوە لەكاتێكدا ی.ن.ك ئەمساڵ لەیادی 38ساڵەی دامەزراندنی و یادی 37ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێدا، لەهەموو وتارەكانیدا تەرحی سازانی نیشتمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی كردووەو پەیامی تایبەتی دۆستایەتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ناردووە، كەچی گۆڕان بەم شێوەیە دڵی سەدان هەزار ئەندام و دۆست و لایەنگری یەكێتی بریندار دەكات.

وتەبێژكە وتی: سەرتاپای ئەو تۆمەتانەی كەی ئێن ئێن بڵاوی كردۆتەوە هەڵبەستراوو ناڕاستن و بڵاوكردنەوەشیان تەنها كاردانەوەیەكە بەرامبەر بەو جۆش و خرۆشەی سەدان هەزار ئەندام و دۆست و لایەنگری یەكێتی كە لەئاهەنگەكانی ئەمساڵدا بینرا.

هەروا رایگەیاند: كێ بڕوا بەوە دەكات یەكێتی سەدان هەزار كەس بەزۆر بباتە ئاهەنگی یادی دامەزراندنی كە ئامادەبووان بەو پەڕی جۆش و خرۆشەوە سڵاو لەهەڤاڵ مام جەلال دەكەن و باوەشی گەرمیان بۆ سەركردەكانی یەكێتی دەكەنەوە؟

لەكۆتاییشدا، وتەبێژكەی لیژنەی باڵای یادكرنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی وتی: هیوادارین بزووتنەوەی گۆڕان سنورێك بۆ ئەم تۆمەت هەڵبەستنانەی راگەیاندنەكەیان دابنێت، بەتایبەتی لەبارودۆخێكدا كە كوردستان پێویستی بە تەبایی و ئارامی هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار