پارێزگاری هەولێر چەند پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری لە ناوشار بەسەردەكاتەوە

هەولێر- KDP.info/ بەمەبەستی ئاگاربوون لە رەوشی بەرێوەچوونی كارو پرۆژەكانی پایتەخت نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بەیاوەریی تاهیر عەبدولألأا جێگری پارێزگارو عەلی رەشید خۆشناو سەرۆكی شارەوانی هەولێر و نەورۆز مەولود بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنان و مەسعود محەمەد كارەش بەرێوەبەری ئاوی هەولێر، پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری لە ناوپایتەخت بەسەركردەوە .
سەرەتا پرۆژەی جیهان سیتی لە باشووری هەولێر لە سنووری گەرەكی ژیان بەسەركردەوە كە پرۆژەیەكی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوونە و بریتییە لە 1400یەكەی نیشتەجێبوونی ستوونی و لەنزیكەوە ئاگاداری چۆنیەتی بەرێوەچوونی كارەكان بوون و جەختیان لە پابەندبوونی تەواو بە رێنماییە ئەندازەیی و بیناسازییەكان كردەوە و بەتایبەتیش رێنماییەكانی كوالێتی و كەرەستەكانی بینا كە دەبێت بە پێی ستاندەرەكانی وەبەرهێنان بن .
دواتر پرۆژەی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ پتر لە 4000ماڵ لە سنووری گەرەكەكانی 5ی حەسارۆك و وزیلان و هاوكاری لە رۆژهەلاتی هەولێر بەسەركرایەوە كە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا وبە گوژمەی پتر لە 800ملیۆن دینار، لە رێگەی بۆریەكی تیرە 400ملیمەتری و بە درێژی 1500مەتر لە هێلی سەرەكی ئیفرازەوە بۆ دوو ئەمبارگەلی گەورە بە توانای 4000مەتری سێجا و بە بلندی 37مەتر ئاوی پاك دابەشی ئەو گەرەكانە دەكات و پەیوەست بووە بە تەواوكاریەكانی پرۆژەی پەرەپێدانی گەرەكی باداوە كە لەسەر بودجەی قەرزی بانكی نێو دەولەتی بەئاكام گەیشتبوو .
پاشان پرۆژەی زێرین سیتی بۆ خودان داهاتە سنووردارەكان لەسەر رێگەی هەولێر – پیرمام بەسەركرایەوە كە بریتییە لە 1700یەكەی نیشتەجێبوون و نیوەی گوژمەی تێچووی خانوەكانی بە پشتەوانی سندوقی نیشتەجێبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕی 25000دۆلار وەكو قەرزی درێژخایەنی بەبێ سوود، درابووە سوودمەندانی ئەو پرۆژەیە كە كەسانی خودان داهاتی سنووردان و كرێچی بوونە و ئێستە پرۆژەكەیان وەكو قۆناغی دووەم لە تەواوبووندایە بە تەواوی خزمەتگوزاریەكانەوە .




