دەمیرتاش: با ریفراندۆمی دەستوور بەر لە هەڵبژاردنەكاندا بێت

برۆكسل-KDP.info/ لە درێژەی گەرم و گۆڕ بوونی گفتووگۆكان سەبارەت بە مەسەلەی ریفراندۆم و هەڵبژاردنەكانی توركیادا، هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش داوای كرد كە ریفراندۆمی دەستووری بنەڕەتی توركیا پێش لە بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی توركیا ساز بكرێت.
لەم باریەوە كاناڵی خەبەر تورك بڵاوی كردووەتەوە كە هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش لە پایتەختی بەلژیكا رایگەیاندووە كە مەرحەلەی یەكەمی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بە سەركەوتوویی بە ئەنجام گەیشتووە و ئێستە كاتی دەست پێكردنی مەرحەلەی دووەمی ئەم قۆناغەیە بۆیە پێویستە دەوڵەت و پەكەكە زۆر بە وریاییەوە هەڵسووكەوت لەگەڵ مەرحەلەی دووەمدا بكەن.
سەلاحەدین دەمیرتاش سەبارەت بە مەسەلەی هەڵبژاردنەكانی توركیا و ریفراندۆمی دەستووری بنەڕەتی توركیایش ئاماژەی بەوە كردووە كە باشتر وایە ریفراندۆمی دەستووری بنەڕەتی توركیا بكەوێتە پێش بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنە هەرێمییەكانی توركیا.
دەمیرتاش لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا گوتوویەتی: ئەگەر ریفراندۆمی دەستووری بنەڕەتی توركیا بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكان ئەوا ریفراندۆم ناتوانێت ئامانجی خۆی بپێكێت بۆیە قۆناغی دیموكراتیزە كردنی توركیا و ئامادە كردنی دەستووری نوێیش رووبەرووی شكەست دەبێتەوە.




