ئەحمەد تورك: كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە تا دوو مانگ كۆتایی پێدێت

ئەنقەرە- KDP.info/ هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (كەجەدە) ئەحمەد تورك سەبارەت بەمەسەلەی ئامادە كردنی دەستوری نوێی توركیا و پرسی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە رایگەیاند كە ئەم دوو مەسەلەیە بەو پەڕی جدییەتەوە بەردەوامن.
لەمبارەیەوە كەناڵی ئین تیڤی توركی بڵاویكردەوە كە هاوسەرۆكی كەجەدە ئەحمەد تورك باسی مەسەلەی ئامادەكردنی دەستوری نوێی بۆ توركیا كردووە و گوتوویەتی: توركیا پێویستییەكی یەكجار گرنگی بە دەستورێكی مەدەنی و نوێ هەیە و ئەگەر توركیا نەتەوانێت لەم ماوەیەدا دەستورێكی نوێ مەدەنی ئامادەبكات، ئەوا توركیا ناتوانێت قۆناغی دیموكراتیزەكردنی خۆی بە ئەنجام بگەینێت.
سەبارەت بە مەسەلەی كیشانەوەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكەیش لە نێو سنورەكانی توركیادا ئەحمەد تورك گوتوویەتی: كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە تا دوو مانگی دیكە كۆتایی پێدێت و ئێمە زۆر بە جدی چاودێری لە سەر مەسەلەی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە دەكەین و تا دوو مانگی دیكە ئەم مەسەلەیە كۆتایی پێدێت و بەمجۆرە دەبێت قۆناغی دووەم لە چارەسەركردنی پرسی كورد دەست پێبكات.




