یاڵچین ئاقدوغان: گفتووگۆی دیموكراتیك لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست پێدەكات

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆكی راوێژكارانی سەرۆك وەزیری توركیا یاڵچین ئاقدوغان رایگەیاند: یەكەمین قۆناغ لە چارەسەركردنی پرسی كورد وردە وردە كۆتایی پێدێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەر دوولا دەست بە گفتوگۆی دیموكراتیك بۆ چارەسەركردنی یەكجارەكی پرسی كورد دەكەن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەر تورك بڵاویكردۆتەوە كە سەرۆكی راوێژكارانی سەرۆك وەزیری توركیا یاڵچین ئاقدوغان سەبارەت بە قۆناغی چارەسەركردنی پرسی كورد ئاماژەی بەوە كردووە كە قۆناغی یەكەمی ئەم قۆناغە كە بریتی بووە لە بێدەنگ كردنی چەكەكان و كێشانەوەی پەكەكە بۆ دەرەوەی سنوورەكانی توركیا بە سەركەوتوویی كۆتایی پێهاتووە و حكوومەت و پەكەكە ئامادەن كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە مەرحەلەی دووەم لەم قۆناغە بكەن.
ئاقدوغان باسی ناوەڕۆكی مەرحەلەی دووەمیشی كردووە و گوتوویەتی: مەرحەلەی دووەم مەرحەلەی گفتوگۆی دیموكراتیك لە نێوان هەر دوولا بە بەشداری هەر هەموو لایەنە سیاسییەكانی توركیایە. لەم مەرحەلەیەدا دەوڵەتی توركیا و پەكەكە لە سەر مێزی گفتوگۆ دەست بە دانوستان و گفتوگۆكردن سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەر كردنی پرسی كورد دەكەن.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە قۆناغی یەكەم وەكو هەنگاوی یەكەم بۆ زەمینە خۆشكردن بۆ گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان حكوومەت و پەكەكە هەنگاوێكی سەركەوتوو بووە و بە هۆی سەركەوتنی ئەم هەنگاوە و ئاستی بەرزی متمانەی هەر دوو لا بە یەكتر قۆناغی دووەمیش لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست پێدەكات.




