٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کەناڵی ئاسمانیی گەلی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

بەرێزان بەڕێوەبەر و ستافی کەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستان

سڵاو و رێز

بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست دەكەم و هیوای سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

ئەو پێشکەوتنەی ئەمڕۆ لە بواری تەکنیکی گەیاندندا هەیە دەرفەتی ئەوەی بە گەلەکەمان داوە ڕەوایەتیی دۆزەکەی بە دنیا بناسێنێت، بۆیە جێگەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆر ناوەندی ڕاگەیاندنە و هیوادارین هەموویان پێکەوە ببنە دەنگی ڕاستەقینەی گەلەکەمان. ئەوەیش ئەرکێکی قورسە دەکەوێتە ئەستۆی ئێوەی ڕاگەیاندنکار کە وەک پیشمەرگەیەک بەرگریی لە بیری نەتەوەیی و هوشیاریی گەلەکەتان بکەن و ڕێگە نەدەن دەنگ و ڕەنگی بشێوێندرێت و بڕوابەخۆبوونی لاواز بکرێت.

کەناڵی ئاسمانیی گەلی کوردستان یەکێکە لەناوەندە میدیاییە چالاکەکانی کوردستان و لە کاتێکدا زۆر بوێرانە بەرگریی لە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دەکات، بەهەمان شێوەیش بووەتە سەکۆیەک بۆ خستنەڕووی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان. هیوادارم بە دڵگەرمییەوە لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بن و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

هەر شاد و سەربەرز بن

مەسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار