نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكی ئه‌مه‌ریكى كۆبووه‌وه

دواى نیوه‌ڕۆى پێنجشه‌ممه 30ى ئایارى 2013 له سلێمانى، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له شاندێكى ئه‌مه‌ریكى كرد كه له فیلیب جۆردان یاریده‌ده‌رى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا و ڕێكخه‌رى كۆشكى سپى بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئه‌فریقیا و كه‌نداو له تیمى ڕاوێژكارى ئاسایشى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا، خاتوو ئه‌ماندا ڕاوێژكارى باڵاى ڕێكخه‌رى كۆشكى سپى، برێت كاك گێرگ جێگرى یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، به‌رپرسان له باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له عیراق و كونسلى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر پێك هاتبوو.
له دیدارێكدا ڕه‌وشى ئێستاى عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پرۆسه‌ى سیاسى له عیراق به گشتى گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا و به تایبه‌تیش سه‌ردانى ئه‌م دواییه‌ى شاندى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى سه‌رۆك وه‌زیران نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقییه‌كان و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقدا مۆر كرا، باسى لێوه كرا.
نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانى به‌غدا هه‌نگاوێكى باشه بۆ دانیشتن و لێككه‌یشتن و خۆشحاڵین كه پرۆسه‌یه‌كى دیالۆگ ده‌ست پێ ده‌كات، به دڵنیاییشه‌وه چاوه‌ڕێى ئه‌وه ناكه‌ین هه‌موو كێشه‌كان به سه‌ردانێك چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه كه ده‌رگایه‌ك بۆ دیالۆگ كراوه‌ته‌وه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌موو كێشه‌كان له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند ئێستا چاوه‌ڕێى هاتنى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقین بۆ هه‌ولێر و هیوادارین ئه‌م هاتنه ببێته هانده‌رێك بۆ هه‌نگاونانى زیاتر به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه ڕێككه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر حیسابى هیچ لایه‌نێك نیه و بۆ هیچ لایه‌نێك نابێته مه‌ترسى.
ڕه‌وشى ناوچه‌كه به گشتى و بارودۆخى ئاڵۆزى سووریا به تایبه‌تى و كاریگه‌ریى ڕووداوه‌كانى سووریا به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیدارى هه‌ردوولا بوو. له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران وێڕاى ده‌ربڕینى نیگه‌رانیى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕه‌وشى ئاڵۆز و مه‌ینه‌تیه‌كانى گه‌لانى سووریا، ڕایگه‌یاند ده‌مانه‌وێ كورد له سووریا پارێزراو بێت و نه‌بێته قوربانیى ئه‌و كێشه و ئاڵۆزیانه‌ى كه ئه‌مڕۆ له سووریا هه‌ن.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌دا پرۆسه‌ى ئاشتى له توركیا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى پرسى له كورد له توركیا گفتوگۆى له‌باره‌وه كرا و نێچیرڤان بارزانى ڕوونى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵێكى هاوكارانه‌ى له پرۆسه‌كه‌دا هه‌یه و هانى توركیا و PKKى داوه بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كه له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. هه‌روه‌ها هیواى خواست كه ئه‌م پرۆسه‌یه بگاته چاره‌سه‌ر و كۆتایى به شه‌ڕ و توندوتیژى بێت، ئاماده‌یى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌دا دووپات كرده‌وه.




