٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بروکسل.. کۆبلەر: عێراق دەوڵەتێکی فیدرالییە، بەڵام ئەو سیستەمە پەیڕەو نەکراوە و لایەنە باشەکانی جێبەجێنەکراوە

سەرچاوە: KDP.info

برۆکسل- تایبەت بە  KDP.info/ نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 29/5/2013  دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری زانا کوردە راوێژکاری نوێنەرایەتی سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد، بە مەبەستی بەشداربوون لە کۆبوونەوەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان و راگۆڕینەوەی لیژنەکە لە گەڵ بەڕێز مارتن کۆبلەر نوێنەری تایبەتی سەرۆکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق.

 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا مارتن کۆبلەر وتارێکی پێشکەشکرد و پاشان پەرلەمانتارانی ئەوروپی چەند پرسیارێکیان ئاراستە کرد. بە گشتی کۆبوونەوەکە ئەم پرسانەی لە خۆگرتبوو:

 

ڕەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق

لە وتارەکەیدا کۆبلەر ئاماژەی بە تێکچوونی زیاتری رەوشی ئێستای ئەمنی و سیاسی عێراق کرد و ئاماژەی بەو شەپۆلە نوێیەی تیرۆر و کوشتارە کرد کە بە هۆیەوە رۆژانە سەدان هاووڵاتی بێتاوان دەبنە قوربانی. لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا مارتن کۆبلەر باسی لە بەرەو دواوە چوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا کرد و وەک نمونە ئاماژەی بە پەرلەمانی عێراق کرد، کە نەیتوانیوە وەک دامەزراوێکی دیموکراسی بەهێز بێت و رۆڵی کارا بگێڕێت لە هێورکردنەوەی رەوشەکە و چەسپاندنی دیموکراسیدا. هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆبلەر داوای لە پەرلەمانی ئەوروپا کرد کە هەوڵ و کۆششی زیاتر بدەن بۆ بەستنی پەیوەندی لە گەڵ پەرلەمانی عێراق و هۆشیارکردنەوەی پەرلەمانتارانی عێراق لەو ئەرکە گرنگەی کە هەیانە. کۆبلەر هەروەها ئامەژی کرد بە رۆڵی گرنگی پەرلەمانی کوردستان و داوای لە پەرلەمانتارانی ئەوروپی کرد کە پەیوەندی توندتر لە گەڵ پەرلەمانی کوردستان ببەستن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا نوێنەری نەتەوەیە کگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی کرد بە گرنگیی مانەوەی عێراق بە یەکپارچەیی و لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بە پێویستی پابەندبوون بە دەستووری عێراقەوە  وەک بەڵگەنامەیەکی نیشتیمانی کرد. کۆبلەر هەروەها رایگەیاند کە عێراق دەوڵەتێکی فیدرالییە، بەڵام تا ئێستە ئەو سیستەمە  بە تەواوی پەیڕەو نەکراوە و لایەنە باشەکانی جێبەجێنەکراوە.

 

ئاماژەدان بە هەرێمی کوردستان

لە وەڵامێکی پرسیارێکی پەرلەمانتار ئەلیکساندەر لامپسدۆرڤ کە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی نەتەوەیە کگرتوەکان بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێم لە گەڵ بەغدا و تورکیادا، مارتن کۆبلەر قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرەی بە ئەرێنی لەقەڵەمدا و رایگەیاند کە رەوتی ئەو پەیوەندییانە کاریگەری ئەرێنی لە سەر پڕۆسەی ئاشتەوایی لە تورکیا هەبووە و هەیە. بە بۆچوونی کۆبلەر باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا مانای جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق نییە. هەرچی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداشە، مارتن کۆبلەر رەشبینی خۆی لەو بارەیەوە نیشاندا و ئاماژەیکرد بە هەندێک ناکۆکی بنەڕەتی لە نێوان هەردوولادا. لەو چوارچێوەیەدا کۆبلەر کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی (کە ئەو بە ناوچە جێناکۆکەکانی لەقەڵەم دا) وەک نمونە هێنایەوە و پێی وابوو کە ئەو کێشەیە تا ئێستە چارەسەر نەبووە و رەنگە لە داهاتوودا کارەساتی لێبکەوێتەوە.

 

دیدار لە گەڵ نوێنەری حکوومەتی هەڕێم

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا  دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێم دیدارێکی کورتی لە گەڵ مارتن کۆبلەر ئەنجامدا و دەستخۆشی لە کۆبلەر کرد بۆ

جەختکردنەوەی ئەو لە بایەخ و گرنگیی دەستوری عێراق و هاندانی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ نزیکبوونەوە و هاوکاریکردنی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق و گرنگیدانی زیاتر بە پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا. لە لای خۆشییەوە مارتن کۆبلەر رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشە لە عێراقدا  و لە دیدی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بایەخی تایبەتی هەیە و ئەوان بە گشتی پێگە و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە هەند وەردەگرن.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار