لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار سەرۆك كۆماری هەنگاریا پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمیەكەیدا بۆ بۆداپێستی پایتەختی هەنگاریا، ئەمڕۆ 10ی نیسانی 2012 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار لەلایەن لاسلۆ كۆبەرت سەرۆك كۆماری هەنگاریاوە پێشوازی لێكرا.
دواتر بەسەرپەرشتی هەردوو سەرۆك و بەبەشداربوونی ژمارەیەك لەبەرپرسانی سیاسی و ئیداری هەردوولا كۆبوونەوەیەك بەڕێوە چوو. سەرۆك كۆماری هەنگاریا خۆشحاڵی خۆی بەدیداری سەرۆك بارزانی دەربڕی و یەكەمین دیداری لەگەڵ سەركردەیەكی كوردستان بە مێژوویی وەسفكرد و هیواشی خواست سەردان و گفتوگۆكانیان بەرهەمدار بێت.
پاشان لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بۆداپێست و چۆنیەتی پێشخستن و ڕێكخستنی ئەو پەیوەندیانەكرا.سەرۆك كۆمار ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گرێدانی پەیوەندییەكی هەمەلایەنەی سیاسی و ئابووری و كولتوری لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا نیشاندا.
سەرۆك بارزانی وێڕای خستنە ڕووی ڕەوشی سەقامگیری سیاسی و باری بوژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان،ئامادەیی خۆی و هەرێمی كوردستانی بۆ گرێدانی پەیوەندییەكی بەرهەمدار لە نێوان هەردوو لادا دەربڕی. سەرۆك كۆماری هەنگاریا كراوەیی تێكڕای دەرگاكانی وڵاتەكەی بۆ پەیوەندی دیپلۆماتی و ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی و گۆڕینەوەی كولتوری و شارەزایی دووپاتكردەوەو پشتگیری خۆی و وڵاتەكەشی بۆ دۆزی سیاسی گەلی كوردستان و ئایندەیەكی شیاو بەخەبات و قوربانیدانی ئەو گەلە نیشاندا.
