٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی شارەوانیی گەورەیی ئامەد دەكات

سەرچاوە: KDP.info

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی 5ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز عوسمان بایدەمیر سەرۆكی شارەوانیی گەورەیی ئامەد و شاندەێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا سەرۆكی شارەوانیی گەورەیی ئامەد خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و سوپاسی ئەو پێشوازییەشی كرد كە لە كوردستاندا لێی كراوە و سەرەخۆشی خۆی و پارتەكەشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بە بۆنەی كۆچی دوایی خۆشكی بەڕێزیانەوە. دواتر عوسمان بایدەمیر دەستخۆشی لەو پێشكەوتننانە كرد كە لە هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی ئاوەدانكردنەوە و ئازادیی سیاسیی هاتوونەتە ئاراوە و ئاماژەشی بەوەدا كە ئێستا هەموو جیهان سەیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و كێشەی كورد سەرنجی هەموو لایەكی ڕاكێشاوە. هەروەها گەلی كورد لە باكووری كوردستانیش ئومێد و هیوایان لەسەر باشوور هەڵچنیوە و بەردەوام چاو و گوێیان لە بارودۆخی سیاسی و هەڵوێستی ڕەسمیی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانە لەمەڕ كێشەی كورد لە توركیا.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوان و سوپاسی سەرۆكی شارەوانیی گەورەیی ئامەدی كرد و هەرێمی كوردستانی بە ماڵی هەموو كوردێك زانی و یارمەتیدانی كوردانی پارچەكانی دیكەی بە ئەركێكی نیشتیمانی لەقەڵەم دا. لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە كێشەی كورد لەتوركیا هەنگاوی باشی بڕیوە و بەهۆی پڕۆسەی ئاشتی هیوای چارەسەریی كێشەی كورد زیاتر دەبێت. سەرۆك بارزانی لەبارەی كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گوتی: "ئێستا سەردەمی زێڕینە بۆ گەلی كورد چونكە نەیارانی لە هەڵوێستێكی لاواز دان و باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی ئاواتەكانی بهێتە دی بەڵام پێویستە گەلی كورد خۆی لە هزری توندوتیژیی دوور بكات و لەنێوخۆشیدا وتار و ستراتیژییەكی یەكگرتووی هەبێت و دەبێ پێداگری لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانی بۆ گەلانی ناوچەكە بكات.

قسەكردن لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان تەوەرێكی دیكەی دیداری نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆكی شارەوانیی گەورەیی ئامەد بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار