گردی كلك مشك.. ناوچەیەكی شوێنەواری گرنگ و بەڵگەیەكی تر بۆ دێرینی هەولێر
لەئەنجامی هەڵكۆڵینی گردەكە بەدەیان پارچەی شوێنەواری دۆزراوەتەوە كە كۆنترینیان هی 1500 ساڵ پێش زاینە
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر: لە بەر بێ پارەیی نەمانتوانیوە شورەی دیوار بۆ گردەكە دروست بكەین
شوێنەوارناسانی فەرەنسی نەیانتوانی بەڵگەی پێویستی سەردەمی ئاشوریەكان بدۆزنەوە بەڵام كوردەكان دۆزیانەوە
راپۆڕت - بڕیار كۆیی
لە رۆژانی رابردوودا میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە هەریەكە لە بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر و سەرۆكی تیمی هەڵكۆڵینی بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین و ژمارەیەك پسپۆڕی شوێنەواری نوێنەری دەزگاكانی راگەیاندن ئەنجامی چوار وەرزی هەڵكۆڵینی قوتابیان و پسپۆڕانی بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین لە گردی(كلك مشك) لە شاری هەولێر كە ماوەی سێ ساڵی خایاندووە راگەیەنرا كە بریتیە لە دۆزینەوەی دەیان پارچەی شوێنەواری و ئێسك وپرۆسكی مرۆڤ كە بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كۆنترین پارچەی شوێنەواری دەگەڕێتەوەی بۆ 1500 ساڵ پێش زاین و بەپێی پیسپۆڕانی شوێنەواریش ئەمە بەشێكی كەمی لایەنی شاراوەی ئەو ناوچە شوێنەواریەیە و لە ئایندەدا پسپۆڕانی بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر بەردەوام دەبن لە هەڵكۆڵینی ناوچەكە بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێبینیە ناوچەكە لە چەندین لایەنەوە خستنی پێوەدیارە كە یەكێك لەو لایەنانە بریتیە لە ئەوەی چوار دەوری ئەو گرنگە شوێنەواریە كە بوونی ژیان لەناوچەكە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەسەلمێنێت لەبری شورەیەكی دیواری پۆڵاین بۆ پاراستنی ناوچەكە لە هەوڵێكی نەزرۆك بە تێل گیراوە بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێرش لەمبارەیەوە دەڵێت هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بێ پارەیی و بێ بودجەیی بەڕێوەبەرایەتیەكەمان بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ بڕێك پارەمان بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەواریەكان تەرخان كردووەو دروستكردنی شورەی دریواریش بۆ گردی كلك مشك یەكێك دەبێت لە پرۆژەكانمان.
زیاتر لە سێ ساڵە كاری هەڵكۆڵین لە گردەكە ئەنجام لەلایەن شوێنەوارناسانی كوردەوە ئەنجام دەدرێت
حەیدەر حەسەن بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر لەمیانەی گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ رۆژنانەی خەبات سەبارەت گوتی: لە رۆژانی رابردوو لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی راهێنان و هەڵكۆڵینی قوتابی و پسپۆڕانی بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین لە گردی (كلك مشك) لە شاری هەولێر بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێرمان راگەیاند كە بریتیە لە چوار وەرزی هەڵكۆڵین و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵی خایاندووە واتا لە لە ساڵی 2010 ەوە تاوەكو ئەمساڵ و هەڵكۆڵینەكان لەلایەن پسپۆڕان و شوێنەوارناسانی كوردەوە ئەنجامدراوە كە مایەی خۆشحاڵیەو ئەوەش دەسەلمێنێت كە پسپۆڕانی كوردیش هیچیان لە پسپۆڕانی ووڵاتانی تر كەمتر نیەو توانای هەڵكۆڵینی ناوچەی شوێنەواریان هەیەو لەرووی زانستیەوە پێشكەوتووە
گوتیشی: لەماوەی چوار وەرزی هەڵكۆڵیندا كۆمەڵێك پارچەی شوێنەواری دۆزراونەتەوە كە سەردەمەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ (سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زاین، سەردەمی ئاشووری ناوەڕاست 1559-911 ی پێش زاین، سەردەمی ئاشووری نوێ 911- 612 ی پێش زاین، سەردەمە ئیسلامیەكان وەك ئەتابەكی هەولێر 1226- 1261 پێش زاین.
بۆیەكەمجار بەشێوەیەكی فەرمی ئاماژە بە ناوچەی شوێنەواری گردی(كلك مشك) دراوە
لەدرێژەی قسەكانیدا ناوبراو كورتەیەكی دەرباری گردی (كلك مشك) پێشكەش كردو گوتی: ئەو گردە دەكەوێتە سەنتەری شاری هەولێر كە بە گردێكی شوێنەواری ناسراوەو لە ساڵی (1946) لە پەرتوكی ناوچە شوێنەواریەكان و بۆیەكەمجار لە ساڵی (2010) هەڵكۆڵینی شوێنەواری لەو گردە ئەنجامدراوە لەلایەن تیمی زانكۆی(لیۆن) ی فەرەنسی و تیمێكی( بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر) لەوەرزی دواتر بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵكۆڵینی شوێنەواری تێدا ئەنجامدراوە لەلایەن بەشی شوێنەواری كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر، هەروەها تیمێكی هۆڵەندی بەبەشداری قوتابی هەموو پارێزگاكانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر هەڵكۆڵین و لێكۆڵینەوەی ئەنجامداوەو دواتر لە وەرزی چوارەم هەڵكۆڵین لە گردی كلك مشك هەر بەردەوام بوو توانراوە زیاتر لە 83 پارچەی شوێنەوار بدۆزرێتەوە واتا ئەمە لە ئەنجامی هەرچوار وەرزی هەڵكۆڵین دۆزراوەتەوەو پارچەكانیش بریتین لە( دیواری خانوو، گۆزەی فخاری قاپ و پەرداخ و مەنجەڵ، كۆمەڵێك ئێسكی مرۆڤ، دۆزینەوەی گۆڕی مرۆڤ، كۆمەڵێك ئامرازی بەردین وەكو سەناریەی دەرگا و چەقۆ و كەلوپەلی ناوماڵ،مۆرێكی لولەیی، كۆمەڵێك بوكەڵەی ئاژەڵی، كۆمەڵێك كەلوپەلی جوانكاری ئافرەتان وەكو ئەنگوستیلەو ملوانكە، كۆمەڵێك بەردی گرانبەها.
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر هەوڵ دەدەین لەگەڵ بەشی شوێنەواری كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین رێكەوتنێك ئیمزا بكەین بۆ ئەوەی لەئایندەشدا ئەو هەڵكۆڵین و لێكۆڵینەوانە لە گردی كلك مشك بەردەوام بێت كە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئەنجامدراوەو بەپشتیوانی خوا وەرزی تری هەڵكۆڵینی شوێنەواری لەو گردە ئەنجام دەدرێت.
سەرۆكی تیمی هەڵكۆڵینەكە دەڵێن ئەو كەلوپەلانەی دۆزراونەتەوە گرنگیەكی زۆریان هەیە
رۆژی سێشەمە لە گردی كلك مشك كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر و سەرۆكی تیمی هەڵكۆڵینی زانكۆی سەڵاحەدین كە بە كاری هەڵكۆڵینی گردی كلك مشك هەڵساون رێكخرا و لەمیانەدا د.نعمان سەرۆكی تیمی هەڵكۆڵینی زانكۆی سەڵاحەدین لە بەشێكی كۆنگرە رۆژنانەوانیەكەدا گوتی: ئەو پارچە شوێنەواریانەی كە لەمیانەی چوار وەرزی كاركردن و هەڵكۆڵین لە گردی كلك مشك لە شاری هەولێر دۆزراونەتەوە گرنگی ئەوتۆیان هەیە و هەوڵ دەدەین بە باشترین شێوە بیانپارێزین و لە مۆزەخانەی گشتی نیشان بدەین، جگە لەو پارچە شوێنەواریە گرنگانە لەمیانەی هەڵكۆڵینەكانمان ئێسك و پروسكی ئافرەتێك دۆزرایەوە كە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەكانی پێش زاین و لەمیانەی لێكۆڵینەوەكان بۆمان دەركەوت ئەو ئافرەتە پلەو پایەكی بەرزی كۆمەڵایەتی لەسەردەمی خۆی هەبووە ماوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 1500 ساڵی پێش زاین و سەردەمی ئاشووری ناوەڕاست
لەوەڵامی پرسیاری كۆنترین و دێرینترین پارچە شوێنەواری لەنێو ئەو 84 پارچە شوێنەواریەی دۆزراوەتەوە لەمیانەی ئەو چوار وەرزە هەڵكۆڵینەی لە گردی كلك مشك ئەنجامدراوە حەیدەر حەسەن بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر گوتی: كۆنترین پارچەی شوێنەواری لەو 84 پارچەیە دەگەڕێتەوە بۆ 1500 ساڵ پێش زاین كە سەردەمی ئاشووریەكانە، هەورەها سەبارەت بە هەستیاری هەڵكۆڵینەوەكان و ئاستی زیانگەیاندن بە پارچە شوێنەواریەكانی گردەكە بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر گوتی: راستە قوتابیانی قۆناغە جیاوازەكانی بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین هەڵكۆڵینەكانیان ئەنجامداوە بەڵام پسپۆڕان و مامۆستایانی بەشی شوێنەوار لە نزیكەوە چاودێری كاری ئەو قوتابیانەمان كردووە بەهیچ شێوەیەك نەمانهێشتووە زیان بە یەك پارچەی شوێنەواریش بگات چونگە هەڵكۆڵینی شوێنەواری پێویستی بە هەستیاری و ئاگاداری هەیە.
تاوەكو ئێستا شورەی دیوار بۆ گردی كلك مشك دروست نەكراوە
سەبارەت بە گرنگی نەدانێكی ئەوتۆ بە ئەو ناوچە شوێنەواریە كە گردی كلك مشكە لەڕووی دابینكردنی شورەیەكی تۆندو تۆڵ و پاكركردنەوەی ناوچەكە و رێكخستنەوەی بەشێوەیەكی زانستیانە حەیدەر حەسەن بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر لەمیانەی گفتوگۆكەیدا لەگەڵ خەبات گوتی: بەداخەوە كە ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر هیچ بودجەیەكمان بۆ تەرخان نەكراوە جگە لە هەندێ هاوكاری بەڕێز پارێزگای هەولێر نەبێت كە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دابینی دەكات هەربۆیە نەمانتوانیوە زۆر كار و پرۆژە كە زۆر پێویست و گرنگ بوونە جێبەجێ بكەین یەكێك لەوانە دروستكردنی شورەی دیوار لە چواردەوری ناوچە شوێنەواریەكان و ئەوەی ئێستاش لە چواردەوری گردی كلك مشك بە تێل كراوە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە چەند ساڵێك پێش ئێستا جێبەجێكراوە واتا لەبێ پارەیی نەمانتوانیوە دیوار لەچواردەوری ئەو ناوچە گرنگە شوێنەواریە دروست بكەین لەگەڵ ئەوەش ئێمە هەموو ساڵێك داوای بڕێك پارەو بودجەمان كردووە بۆ جێ بەجێكردنی كۆمەڵێك پرۆژەی گرنگ بەڵام هیچ وەڵامێكی دڵخۆشكەر بۆ ئەو داواكاریانەمان نەبووە بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ بودجەیەكی پێویستمان بۆ تەرخان كراوە كە پشت بەخوا یەكێك لەو پرۆژانەی جێبەجێی دەكەین دروستكردنی شورەی دیوارە بۆ ناوچەی شوێنەواری كلك مشك و هەموو ئەو ناوچانەی تاوەكوئێستا بێ شورەو دیوارن.
هۆكاری وازهێنانی شوێنەوارناسە فەڕەنسیەكان لە هەڵكۆڵینی ناوچەكە
سەبارەت بە هۆكاری كارنەكردنی تیمێكی پسپۆڕی شوێنەواری زانكۆی (لیۆن) ی فەرەنسی لە گردەكەو كە وابڕیارەبوو كاری هەڵكۆڵین لەو ناوچە شوێنەواریە ئەنجام بدەن بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر گوتی: چەند ساڵێك بەر لە ئێستا پسپۆڕانی شوێنەواری زانكۆی لیۆن ی فەرەنسی بڕیاریاندا هەڵكۆڵین لە گردەكە ئەنجام بدەن بەڵام دوای ماوەیەك وازیان هێناو گردەكەیان جێهێشت چوونكە ئەوان لە بەڵگەی هەبوونی ژیان لە سەردەمی ئاشووریەكان دەگەڕان بەڵام نەیاندۆزیەوە بەڵام خۆشبەختانە بەڵگەی پێویستی ئەو سەردەمە لەلایەن پسپۆڕانی كوردی شوێنەواری دۆزرایەوە ئەمەش واتای ئەوەیە پسپۆڕان و شوێنەوارناسانی كورد هیچیان لە شوێنەوارناسانی وڵاتانی تر كەمتر نیە بەڵگ و لەهەندێ لایەنەوە زیرەكتر و پێشكەوتووترن وئێستا بەڵگەی پێویست لەبەردەستدایە كە لەسەردەمی ئاشوری ناوەڕاست ژیان لەو ناوچەیەدا هەبووە.




