دەقی وتاری سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی لە مەڕاسیمی پڕۆژەی دروستكردنی 564 یەكەی نیشتەجێ بۆ خەڵكی كەمدەرامەت

ئاماده‌بووانى هێژا،
به‌یانیتان باش، هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن، به‌سه‌ر چاو.
به خۆشحاڵییه‌كى زۆره‌وه؛ ئه‌مڕۆ پێكه‌وه لێره‌ین بۆ كردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌یه‌كى زۆر گرنگ كه مایه‌ى خۆشحاڵیى هه‌موومانه، چونكه ڕاسته‌وخۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه خزمه‌ت به خه‌ڵكى كه‌مده‌رامه‌تى ئه‌م شاره ده‌كات و بارێكى زۆر قورسیان له‌سه‌ر شان سووك ده‌كات، ئه‌ویش پڕۆژه‌ى ته‌واوبوونى (564) یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوونه كه به‌ر له واده‌ى دیاریكراوى خۆیان؛ ته‌واو بوون.
گرنگیى ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌وه‌دایه، كه (564) خانه‌واده‌ى كه‌مده‌رامه‌تى ئه‌م شاره به قیستێكى درێژخایه‌نى زۆر ئاسان؛ كه كاریگه‌رى و بارقورسیهكى وایان ناخاته سه‌ر شان، ده‌بنه خاوه‌ن یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون و خه‌مێكى گه‌وره‌یان له كۆڵ ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌بێته خزمه‌تێكى به‌رچاوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى كه‌مده‌رامه‌تن و توانایان نیه خانوو دروست بكه‌ن و ببنه خاوه‌ن خانووى تایبه‌تیى خۆیان.
تێچووى هه‌ر یه‌كه‌یه‌كى نیشته‌جێبوون له‌م پرۆژه‌یه كه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه به كوالیتیه‌كى زۆر باش ئه‌نجام دراوه و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانى وه‌ك ئاو و كاره‌با و شه‌قام و پارك و ته‌واوى خزمه‌تگوزاریه‌كانى دیكه له خۆ ده‌گرێت، ته‌نیا بڕى (25) هه‌زار دۆلارى ئه‌مه‌ریكییه له‌سه‌ر بودجه‌ى وه‌به‌رهێنانى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كه ئه‌ویش به قیستێكى درێژخایه‌نى بێ پێشه‌كى و بێ قازانج و زۆر ئاسان ده‌درێته‌وه.
پرۆسه‌ى دابه‌شكردنى ئه‌م شوققانه له ڕێگه‌ى فۆرمێكه‌وه ده‌بێت كه به كۆمپیووته‌ر ئه‌نجام ده‌درێت و هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ هیچ جۆره ناعه‌داله‌تیه‌ك له دابه‌شكردندا ناهێڵێته‌وه. هه‌موو ئه‌و مهرجانهشى تیادا ڕه‌چاو كراوه كه ته‌نیا به‌ر خه‌ڵكى كه‌مده‌رامه‌ت بكه‌وێت و بۆ هیچ كه‌سێك نه‌بێته ده‌رفه‌تێك بۆ بازرگانى و قازانجكردن.
ئه‌م ئه‌زموونه كه جارى یه‌كه‌مه له هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌زموونێكى سه‌ركه‌وتووه و جێى خۆیه‌تى لێره بۆ ئه‌م ئه‌زموونه پێشه‌نگه، ده‌ستخۆشى و سوپاس و پێزانینى خۆمان ئاراسته‌ى پارێزگارى سلێمانى به‌ڕێز به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح و وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه بكه‌ین؛ كه له بیرۆكه و پلان و ئه‌نجامدانى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا به‌شدار بوون و به سه‌ركه‌وتوویى ته‌واویان كرد. سوپاسى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م كه شه‌و ڕۆژیان كرد به یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه پێش واده‌ى خۆى جێبه‌جێ بكرێت. ده‌ستخۆشییه‌كى زۆر له كۆمپانیاى جێبه‌جێكار كۆمپانیاى (نه‌خشه) ده‌كه‌م كه ئه‌وانیش زه‌حمه‌تیان كێشاوه و ئه‌م كاره‌یان به‌م شێوه‌یه ئه‌نجام داوه. هیوادارن نموونه‌ى ئه‌مان له كوردستان زیاتر و زیاتر ببێت.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌مه‌وه كه ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیارمان داوه هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبوون؛ ئیتر ده‌بێ له خزمه‌تى خه‌ڵكى نه‌دار و كه‌مده‌رامه‌تدا بێت و پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون نابێ به ته‌نیا ببنه ڕێگایه‌ك بۆ قازانجكردنى وه‌به‌رهێنه‌ران. به‌ڵكو له‌مه‌ودوا سوودمه‌ند و خاوه‌ن قازانجى یه‌كه‌مى پڕۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون، ده‌بێ خه‌ڵكى كه‌مده‌رامه‌ت و ئه‌و خانه‌واده و ئه‌و گه‌نجانه بن؛ كه تازه ژیانى هاوسه‌ریه‌تیان پێك ده‌هێنن و ژیانى نوێیان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن.
سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له بوارى وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى نیشته‌جێبووندا له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه داده‌ڕێژرێته‌وه و ئێستا خه‌ریكى ئه‌وه‌ین كه هه‌موو پلان و پڕۆژه‌كانى بوارى نیشته‌جێبوون؛ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نجام بدرێن و خزمه‌ت به‌و خه‌ڵكانه بكات، هه‌موو مه‌رج و ڕێنماییه تازه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه داده‌نرێن. ئه‌مه‌ش مافێكى ئاسایى خه‌ڵكى كه‌مده‌رامه‌ت و ئه‌ركى له‌پێشى حكوومه‌ته؛ كه ده‌بێ جێبه‌جێى بكات.
ڕاسته له قۆناغێكدا هه‌ڵمه‌تێكى گه‌وره‌ى وه‌به‌رهێنان له بوارى پڕۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون له هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام درا، كه به ده‌یان و بگره به سه‌دان گوند و شارى جیا جیاى نیشته‌جێبوون له شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بنیات نران و بازاڕێكى گه‌رمى خانوبه‌ره و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون هاته ئاراوه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه نه‌یانتوانى وه‌ك پێویست كێشه‌ى نیشته‌جێبوون له ووڵاته‌كه‌مان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه زۆربه‌ى پڕۆژه‌كان مۆرێكى بازرگانیان پێوه بوو و زۆربه‌ى زۆریان كڕین و فرۆشتنیان پێوه كرا و خه‌ڵكێكى كه‌مده‌رامه‌ت زۆر سوودى له‌م پڕۆژانه وه‌رنه‌گرت.
ئه‌مه ئه‌زموونێك بوو كه هه‌رچه‌نده نه‌بووه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ى نیشته‌جێبوون، به‌ڵام له بوارى بینا و خانوبه‌ره و ته‌لار و ته‌لارسازیدا، ڕوویه‌كى تازه‌ى به هه‌رێمى كوردستان به‌خشى و هه‌نگاوى خێرا و گه‌وره‌ى له‌م بواره‌دا هاویشت كه ئه‌مه‌ش خۆى له خۆیدا ڕۆڵێكى به‌رچاوى له ئاوه‌دانكردنه‌وه و ئاوه‌دانیى ووڵاته‌كه‌ماندا گێڕا و له كۆتاییدا به خێرى هه‌رێمى كوردستان گه‌ڕایه‌وه. به‌ڵام ئیتر كاتى ئه‌م ئه‌زموونه به‌سه‌ر چووه و ئیتر هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبوون، ده‌بێ به ڕاستى به‌شدارى له كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنى كێشه‌ى نیشته‌جێبوون له هه‌رێمى كوردستاندا بكات و به شێوه‌یه‌كى فیعلى خه‌ڵكى نه‌دار و كه‌مده‌رامه‌ت بكاته خاوه‌ن خانوو و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون.
دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه كه ئیتر بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌مه ده‌بێته بنه‌ماى سه‌ره‌كیى سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له بوارى نیشتهجێكردا بۆ خه‌ڵكى كه‌مده‌رامه‌ت. بۆ ئه‌مه‌ش به دڵنیاییه‌وه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌مان ئه‌م ئه‌زموونه‌ى لێره له سلێمانى ئه‌نجام دراوه، له شار و شارۆچكه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان دووباره ده‌كاته‌وه و ئێمه له سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران؛ لایه‌نه پهیوهندارهكانمان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ڕاسپاردووه.
له كۆتاییدا داوا له به‌ڕێز پارێزگارى سلێمانى و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان ده‌كه‌م كه چۆن كارێكى زۆر باشیان كردووه و ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یان به سه‌ركه‌وتوویى ئه‌نجام داوه و گه‌یاندیانه ئه‌م قۆناغه، به هه‌مان شێوه له پڕۆسه‌ى دابهشكردنیشدا كارێكى باش و سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام بده‌ن و هه‌موو توانایه‌كى خۆیان به كار بێنن بۆ ئه‌وه‌ى به ڕاستى خه‌ڵكى موسته‌حه‌ق له‌م پڕۆژه‌یه سوودمه‌ند ببێت و ئه‌م شوققانه ببنه شوێنى ژیان و حه‌وانه‌وه‌ى ئه‌و خێزان و خانه‌واده كهمدهرامهتانهى كه ئه‌وپه‌ڕى پێویستیان پێیه‌تى و هیوا و ئومێدیان له‌سه‌ر بینا كردووه. هه‌روه‌ها داوایان لێ ده‌كه‌م كارێكى زۆر جددى بكه‌ن و ئه‌وپه‌ڕى دادپه‌روه‌رى و یه‌كسانى له دابهشكردنیاندا گه‌ره‌نتى بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك پێشتر گوتم خه‌ڵكى شایان و موسته‌حه‌ق سوودى لێ ببینن.
دووباره زۆر به ڕێزه‌وه ده‌ستخۆشى له جه‌نابى پارێزگار ده‌كه‌م بۆ سه‌رخستنى ئه‌م پڕۆژه‌یه، دیسانه‌وه سوپاسێكى گه‌رم و بێپایانم بۆ كۆمپانیاى جێبه‌جێكار كه كۆمپانیاى (نه‌خشه) یه، هیوادارم له‌مه‌و دوا ئه‌م نموونانه زیاتر بن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى زیاترى كوردستان، به هیواى كار و خزمه‌تى باشتر و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى ووڵات و دابینكردنى سه‌قامگیرى و ئارامى و پێشكه‌وتنى به‌رده‌وام له ووڵاته‌كه‌ماندا.
زۆر سوپاس، به خێر به‌سه‌ر چاو.




