٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا پشتیوانی لە سەرچاوەكانی ئاوی كوردستان و عیراق دەكات

سەرچاوە: KDP.info

لەسەر داوای باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق هەریەك لە كلایتۆن ئالدرمان نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو لۆرنس كوین بەرپرسی ئابووری لە كونسڵگەری ئەمریكا لە هەولێر  لەگەڵ محەمەدئەمین فارس بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كۆبۆوە.

لە دیدارەكەدا چەندین خاڵ قسەو باسیان لێوەكرا، لەوانە یاسای لیژنەی نیشتمانیی باڵای ئاو كە پێویستە لەگەڵ دەستووری عیراقدا بگونجێت،هاوكات ئەو پرۆژانە خرانە بەر لێدوان و گفتوگۆ كە لە وڵاتانی دەوروبەر ئەنجامدراون و كاریگەرییان بۆ سەر داهاتی ئاو لە عیراق بە شێوەیەكی گشتی،شاندی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دووپاتی كردەوە كە ئەوان چەندین لێكۆڵینەوەی نوێیان ئامادەكردووە دەربارەی هەردوو رووباری دیجلەو فورات و وێنەیەكی ئەو لێكۆڵینەوانەش بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو رەوانە دەكەن.

هەروەها شاندەكە ئامادەیی خۆی خستەڕوو تایبەت بە كردنەوەی خولی جۆراوجۆر  تایبەت  بە بەهێزكردنی تواناكانی كارمەندان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت،پرۆژەی (USGS) ی ئەمریكیش بەرز نرخێنرا كە لە هەرێمی كوردستان و عیراق ئەنجامیان داوەو بەڵێنیشیان دا كە لە جێبەجێكردنی ئەم جۆرە پرۆژانە بەردەوام بن.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەشدا باس لەو رێنماییانە كرا كە بەمەبەستی باشتر بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو ئامادەدەكرێت، هەردوولاش جەختیان كردەوە لەسەر زیاتر هاوكاری و هەماهەنگی كردن بۆ پەرەپێدان و پارێزگاری كردن لە سامانی ئاو  لە هەرێمی كوردستان و  لەعیراق بە شێوەیەكی گشتی

هەواڵی پەیوەندیدار