KNK: وتارە بەنرخەکەی بارزانی نەخشە رێگایەکە بۆ یەکگرتنی کوردان و یەکخستنی سیاسەت و گوتاری سیاسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان
برۆکسل- تایبەت بە KDP.info/ رۆژی چوارشەممە 29/5/2013 شاندێکی باڵای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(KNK) سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە یەکێتی ئەوروپا کرد. شاندەکە پێکهاتبوو لە سەرۆکی کۆنگرە تاهیر کەمالیزادە و سیاسەتمەدارانی دێرین رەمزی کارتاڵ و زوبێر ئایدەر و کۆمەڵێک ئەندامی دیکەی کۆنگرەی نەتەوەیی.
لە سەرەتای دیدارەکەدا دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی گەرم، پیرۆزبایی بەستنی سیازدەیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانی لە شاندەکە کرد، کە هەفتەی پێشوو بە سەرکەوتویی و یەکگرتوییەوە لە برۆکسل بەڕێوەچوو. لە لای خۆشیانەوە ئەندامانی شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو بەشداریکردنە فراوانەی پارتە کوردستانییەکان نیشاندا و هاوکات خۆشحاڵی و رێز و تەقدیری بێسنووریان بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لە رێگەی نوێنەری تایبەتی خۆیەوە بەشداری کۆنگرەکەی کرد. شاندەکە وتارەکەی سەرۆک بارزانی بە مێژووی لە قەڵەم دا و رایگەیاند کە دەبێت ئەو وتارە بەنرخەوە بکرێتە نەخشە رێگایەک بۆ یەکگرتنی کوردان و یەکخستنی سیاسەت و گوتاری سیاسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
هەر لە بەر رۆشنایی وتارە مێژووییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا، هەردوو لا هاوڕابوون لە سەر هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام لە پێناو پێشخستنی دۆزی کورد لە ناوەندەکانی یەکێتی ئەوروپادا و بۆ ئەو مەبەستەش بەڵێن درا کە دیدار و کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و پلانی هاوبەش دابڕێژرێن.
لە میانەی دانیشتنەکەدا دلاوەر ئاژگەیی دووپاتی کردەوە کە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم ماڵی هەمووانە و ئەوان بەوپەڕی شانازی و بەخۆشحاڵییەوە هاوکاری هەموو کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەن.




