ڕه‌نگه دانیشتنی تایبه‌ت به‌سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌مالیكی له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت

جه‌واد حه‌سناوی ئه‌ندامی كوتله‌ی ئه‌حڕار له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پێشبینی كرد دانیشتنی تایبه‌ت به‌سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالیكی له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت، ئاماژه‌شیدا به‌وه‌ی كه ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه گرنگه راسته‌ڕێ كردنی پرۆسه‌ی سیاسی و په‌راوێز نه‌خستنی هیچ لایه‌كه.
حه‌سناویی له‌لێدوانێكیدا به ئاژانسی (ئه‌سوات ئه‌لعێراق)ی گوت: "پێویسته له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران رۆڵی خۆیان بگێڕن و دیموكراتیتر بن له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی مافی ده‌ستووریی خۆیانه‌وه، ده‌ستووریش رێگه‌ی به‌ئێمه داوه لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیراندا بكه‌ین و متمانه‌ی لێ وه‌ربگرینه‌وه"..
گوتیشی "پێشبینی ده‌كه‌م دانیشتنی تایبه‌ت به‌سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌مالیكیی له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت".
هێماشی بۆ ئه‌وه‌كرد كه "ئه‌وه گرنگه راسته‌رێ كردنی پرۆسه‌ی سیاسییه كه له‌ئێستادا له‌رێگه‌ی خۆی لای داوه، هه‌وره‌ها پێویسته هیچ لایه‌نێك په‌راوێز نه‌خرێت،چونكه هه‌موولایه‌ك له‌ده‌وڵه‌تێكدان به‌ناوی عێراق".




