داواكارییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ كۆبوونەوە لە هەولێر لەلایەن كوتلە سیاسییەكانەوە پێشوازی لێدەكرێت

كوتلە سیاسییەكان پێشوازییان لە داواكارییەكەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان كردووە بۆ گرێدانی كۆبوونەوەی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان و ڕەوتی سەدریش بە دووری نەزانیوە كە موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتەكە ئامادەی كۆبوونەوەكە بێت.
ساڵح موتڵەگ پەرلەمانتاری سەر بە لیستی ئەلئێراقییە ڕایگەیاند: بەرژەوەندیی ئێراق و ئێراقییەكان لە سەرووی هەموو شتێكە و بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكانی نێوان كوتلە سیاسییەكان چوون بۆ هەر شوێنێك لە ئێراق یان هەر پارێزگەیەك بۆ بەستنی كۆبوونەوەیەك لە نێوان لایەنە پێك ناكۆكەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان مایەی پێشوازی لێكردنە.
هەروەها گوتی: ئەو كۆنگرەیە سەرجەم ناكۆكییەكان تاوتو دەكات وەكو بابەتی ڕێككەوتننامەی هەولێر و بابەتی دیكە و پێموایە كە پێویستە لەسەر سەركردە سیاسییەكانی ئێراق بچنە هەر شوێنێك كە بەرژەوەندیی خەڵكی تێدابێت.
موتڵەگ هەروەها گوتی: ڕەوشی ئەمنی و سیاسی و ئابووری خراپە و دیالۆگی نێوان كوتلەكان ڕێگەی دروستە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان كوتلەكان. لەلایەن خۆیەوە، زیاء ئەلئەسەدی ئەمینداری گشتیی كوتلەی ئەحرار كە نوێنەرایەتی ڕەوتی سەدر دەكات لە پەرلەمان، تەئكیدیكردەوە، بۆ بەستنی كۆنگرەكە جیاوازی لە نێوان بەغدا و كوردستان نییە و هەرێمیش بەشێكە لە ئێراق و كۆبوونەوەكەش لە كوێ بێت هیچ ڕێگریەك نییە لەبەردەم ئامادەبوون و پێویستە هیچ سووربوونێك لەسەر گرێدانی كۆنگرەكە لەبەغدا نەبێتە بەهانە بۆ دواخستنی كۆنگرەكە و ئەگەر سەرجەم لایەنەكان ڕازیبن هیچ ڕێگرییەك نییە كە لە هەولێر ببەسترێت. لەبارەی ئەوەش كە ئایا لایەنە ناكۆكەكان ڕەنگە بگەنە ڕێككەوتن بەتایبەتیش دوای قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی كوردستانی، ناوبراو گوتی: ناكۆكییەكان چەند گەورەبن ئەوا پێویستە بە دیالۆگ و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و هیچ كێشەیەكی سیاسی نییە لە ئێراق نەتوانرێت چارەسەر بكرێت. شایانی باسە، سەرۆك بارزانی لە واشنتۆن ڕایگەیاندبوو، دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان داوای بەستنی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە دەكات لە هەولێر یان هەر شوێنێكی دیكە بۆ سەركردە سیاسییەكانی ئێراق بۆ خستنەڕووی سەرجەم پرسەكان و دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە و ڕیشەیی بۆ كێشەكان.




