سلێمانی.. نێچیرڤان بارزانی: پێویستە به باشترین شێوه خزمه‌ت به هاووڵاتیان بكرێت

له درێژه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ پارێزگاى سلێمانى، دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 28ى ئایارى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له باره‌گاى پارێزگاى سلێمانى له‌گه‌ڵ پارێزگار و به‌رپرس و به‌ڕێوه‌به‌رانى فه‌رمانگه و داموده‌گاكانى حكوومه‌ت له پارێزگاى سلێمانى كۆ بووه‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، كێشه و گیروگرفته‌كانى سنوورى پارێزگاكه خرانه ڕوو و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنیان تاتوێ كرا.
له سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارێزگارى سلێمانى پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى كێشه و گیروگرفته‌كانى پارێزگاى سلێمانى پێشكه‌ش كرد و تیشكى خسته سه‌ر دیارترین ئه‌و كێشانه‌ى له سنوورى پارێزگه‌كه‌دا هه‌ن و پێویستیان به چاره‌سه‌رى هه‌یه بۆ پێشخستنى هه‌موو بواره‌كان له سنوورى پارێزگاكه، به تایبه‌تیش ئاماژه‌ى به‌وه دا كه زۆربه‌ى كێشه‌كان په‌یوه‌ندییان به ده‌سه‌ڵاته‌كانى پارێزگاوه هه‌یه و زۆربه‌ى ئه‌و كێشانه به شۆڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ پارێزگا چاره‌سه‌ر ده‌بن.
دواى ئه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانى فه‌رمانگاكانى پارێزگاى سلێمانى، هه‌ر یه‌كه‌و لاى خۆیه‌وه پوخته‌یه‌كیان له كێشه و گیروگرفته‌كان خسته ڕوو. كێشه‌كان بواره‌كانى سووته‌مه‌نى، زه‌وى و زار، تاپۆكردنى خانووه حكوومییه‌كان به‌سه‌ر كارمه‌ندانى حكوومه‌تدا، گه‌شتیارى و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان، ئه‌و دێهاتانه‌ى ده‌كه‌ونه ناو ماسته‌رپلانى شاره‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌ى داهاته‌كان بۆ فه‌رمانگه‌كانى حكوومه‌ت، ده‌رماڵه و نایه‌كسانى له ده‌رماڵه و مووچه‌دا و چه‌ندین كێشه و گرفتى دیكه‌یان له خۆ گرتبوو.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ى به ده‌رفه‌تێكى باش زانى بۆ ئه‌وه‌ى له نزیكه‌وه و ڕاسته‌وخۆ له به‌رپرسانه‌وه گوێبیستى كێشه گرفته‌كان بن و كۆبوونه‌وه‌كه‌ى به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه سبه‌ى هه‌ر له سلێمانى ده‌به‌سترێت. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ده‌مانه‌وێ له نزیكه‌وه بزانین كێشه‌كان چین، ئێوه ڕۆژانه هه‌ڵسه‌كه‌وتتان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا هه‌یه، بۆیه ئاگاتان له كێشه‌كانه و ده‌توانن پێشنیارى باش بۆ چاره‌سه‌ركردنیان پێشكه‌ش بكه‌ن. هه‌روه‌ها هیواى خواست ئه‌م جۆره كۆبوونه‌وانه ببێته په‌یڕه‌وێك و ساڵانه كۆبوونه‌وه‌یه‌كى به‌م شێوه‌یه تایبه‌ت به كێشه‌كانى پارێزگاكان ساز بكرێت.
سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى له سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به شۆڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بۆ دامودوزگاكانى خواره‌وه كرده‌وه و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه ده‌بێ چاودێرى له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه و چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌بردن و به‌كارهێنانى ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى به باشترین شێوه خزمه‌ت به هاووڵاتیان بكرێت و پێویست به‌وه نه‌كات بۆ هه‌موو شتێكى گه‌وره و بچووك بگه‌ڕێنه‌وه لاى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.
هه‌ر دواى ئه‌وه نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به ئاماده‌بوونى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌ز‌یرى ناوخۆ و پارێزگارى سلێمانى، له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌رانى ناحیه و ده‌زگاكانى ناوخۆ له سنوورى پارێزگارى سلێمانى كۆ بووه‌وه...
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كێشه و گرفته كارگێڕییه‌كانى قه‌زا و ناحیه‌كانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و داموده‌زگاكانى ناوخۆ له‌و سنووره؛ وه‌ك ئاسایش و پۆلیس و پێداویستییه‌كانیان خرانه به‌ر باس و تاوتوێ كران و چه‌ندین داواكارى بۆ باشتركردنى كار و ئه‌ركه‌كانى ئه‌م ده‌زگا كارگێڕى و ئه‌منیانه پێشكه‌ش كران، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌سه‌ر فراونتركردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان كرایه‌وه بۆ به‌ڕێوه‌چوونى باشتر و جێبه‌جێكردنى كاراترى ئه‌ركه‌كانى ئه‌م یه‌كه كارگێڕیانه و ده‌زگاكانى ناوخۆ له‌م سنووره.
لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو به پیسبوونى ئاوى ڕووبار و سه‌رچاوه‌كانى دیكه‌ى ئاو له سنوورى ناوچه‌كه و مه‌ترسیى ئه‌م پیسبوونه له‌سه‌ر ڕه‌وشى ته‌ندروستیى شارى سلێمانى و ناوچه‌كه به گشتى. له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه كه له‌به‌ر هه‌ستیاریى بابه‌ته‌كه، له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا تاتوێ ده‌كرێت و ده‌بێ چاره‌سه‌رێكى بنه‌ڕه‌تى بۆ ئه‌م كێشه‌یه بكرێت، چونكه مه‌ترسیى زۆر جددى له‌سه‌ر ته‌ندروستى و ژینگه هه‌یه.
له كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه به‌رپرسانى حكوومه‌ت ده‌بێ له خزمه‌تى هاووڵاتیاندا بن و گه‌ره‌نتیى سه‌ركه‌وتن له‌وه‌دایه تێكه‌ڵ به خه‌ڵك و هاووڵاتیان بن و له نزیكه‌وه گوێ له كێشه و گرفته‌كانیان بگرن، هه‌وڵ بده‌ن و كار بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریى باشتر به هاووڵاتیان.





