ئەشواق جاف لە رونکردنەوەیەکدا دەڵێت: با وەزیر دەست لە کار نەکێشێتەوە، بەلکو لێپێچینەوە لەگەڵ هێنەرانی دەرمان بکرێت

بەغدا- تایبەت بە KDP.info/ لە رونکردنەوەیەکدا ئەسواق جاف ئەندمای پەرلەمانی عێراق دەربارەی کێشەی ئەو کەسانەی بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانەوە، تووشی کێشەی چاو هاتوون، رونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و دانەیەکی نێرداوە بۆ KDP.info کە ئەمە دەقەکەیەتی: دوای ئەوەی رۆژی 27/5/2013 بابەتێكی رۆژنامەوانیم بەسەر كەناڵەكانی راگەیاندندا گشتاند لەبارەی ئەو نەخۆشانەی چاویان دەرهێنرا بەهۆی ئەڤاستینەوە، و سیستەمێكی نوێم پێشنیاركرد بۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ هێنانی دەرمان، چەند تێبینیەكم لەلا دروست بوو:
راستە من ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقم لەهاوپەیمانی كوردستان لەبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام ناكرێ بنووسرێ (پەرلەمانتارێكی پارتی) هەرچەندە پارتی بوون بۆ من ئەو پەڕی شانازییە بەلام هیچ پێویستی نەدەكرد لەو بابەتەدا ئەو بوارە زەق بكرێتەوە، چونكە بواری تەندروستی بەتایبەت دەرهێنانی چاو یا لەدەستدانی ئەندامێكی پەیوەندی هەیە بەمافی مرۆڤەوە و پێویستەكات مەلەفی مافی مرۆڤ دوور بخرێتەوە لەهەر پێناسەكردنێكی سیاسی.
راستە كەناڵەكانی راگەیاندن مافی خۆیانە چی بەشێكیان پێباشە لەراگەیەنراوەكەدا زیاتر ئیبرازی بكەن بەڵام پێویست بوو لەخوارەوەی هەواڵەكە دەقی راگەیەنراوەكە بڵاو بكرایەتەوە بۆئەوەی خوێنەر بەرچاوی روون بوایە لەبارەی تەواوی راگەیەنراوەكەوە.
لەبەشێكی ئەو راگەیەنراوەدا باسی ئەوەم كردبوو كەپێویست ناكات وەزیری تەندروستی دەست لەكاربكێشێتەوە بەو هۆیەی وەزیری تەندروستی تاوانەكەی نەكردووە بەڵكو كەسێك دەرمانی هێناوەتە ناوەوەی هەرێم و پێویستە لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكەن.
جێی خۆیەتی ئەوە روون بكەینەوە كە وەزیری تەندروستی هەرێم یەكەم كەسە كەخاوەنی پرۆژەی كوالیتی كۆنترۆڵی دەرمانە لەهەرێمی كوردستان و خاوەنی ئەو بیرۆكە و پرۆژەیەیە كە ئەو نەخۆشانەی نەشتەركاریان بۆ دەكرێ لەدوای دەوامی فەڕمییەوە لەنەخۆشخانەكاندا نیوەی تێچووی نەشتەركارییەكە لەسەر ئەركی حكومەت بێ ئەمە جگە لەچەندین بڕیاری گرنگ، لەهەمووی گرنگتر سەردانی بەردەوامی وەزیری تەندروستییە لەدهۆكەوە تاوەكو هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.




