گرووپی بێسارانی پاڵپشتی پێشنیازی هاوكاریی هونەرمەندان بۆ كوردانی رۆژئاوا دەكات

هەولێر-تایبەت بە KDP.info/ دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی پێشنیازەكەی هونەرمەندی موزیكژەن هەڵبەست سەلاح، سەبارەت بە پرۆژەی (سندوقی كۆمەكی ئازیزان) بۆ هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان، گرووپی مۆسیقای بێسارانی ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ بەشداریكردن لەم پڕۆژە هونەرییە نەتەوەییەدا.
بەپێی راگەیێندراوێكی گرووپی مۆسیقای بێسارانی، دوای ئەوەی موزیكژەن هەڵبەست سەلاح پێشنیازی سازدانی كۆنسێرتی گەوەری هونەریی خێرخوازیی نەتەوەیی دەكات بۆ ئەوەی داهاتەكەی بۆ سندوقی كۆمەكی ئازیزان تەرخان بكرێت و هاوكاری كوردانی رۆژئاوای كوردستانی لە هەرێمی كوردستان پێ بكرێت، گرووپی بێسارانی پاڵپشتی ئەم پڕۆژەیە دەكات و ئامادەیی خۆیشی نیشان دەدات بۆ بەشداریكردن لەم پڕۆژە هونەرییە نەتەوەییەدا.
هەر لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، گرووپی بێسارانی بۆ پرسە نەتەوەیی و خێرخوازییەكان هەمیشە پاڵپشت دەبێت، چونكە هونەر جگە لەو جوانی و خۆشییەی بە مرۆڤی دەبەخشێت، دەكرێت رۆڵی لەوە گەورەتری هەبێت و خزمەتی مرۆڤایەتی پێ بكرێت.
لە جێی خۆیدایە، هونەرمەندان لە رێگەی هونەركەیانەوە بەشداربن لەم جۆرە پڕۆژە نەتەوەیی و خێرخوازیانە، پێویستە ئەم لایەنە بكرێتە نەریتێك، بۆ ئەوەی پەیامی هونەری لە كوردستان بەهێزتر بكرێت.
گرووپی مۆسیقای بێسارانی، لە ساڵی 2010ـدا كۆنسێرتێكی لە شاری هەولێر سازكرد و داهاتەكەی بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت تەرخانكرا.
دوایین چالاكی ئەو گرووپە مۆسیقییە، كۆنسێرتی "زریكەی كۆچ" بوو لە یادی 25 ساڵەی ئەنفالكردنی كورددا، كە بە چاودێری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراونی حكومەتی هەرێمی كودرستان، لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، سۆران و كەلار بەڕێوەچوو.




