٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چەند مادەیەك لەپڕۆژە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری پەسندكرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/ كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 28/5/2013 بەسەرۆكایەتیی د.ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەبوونی د.حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فرسەت ئەحمەد سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (24)ی ئاسایی خولی گرێدانی دووەم ساڵی چوارەم لەخولی سێیەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.

سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كەلەچوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخستنەڕوو  و گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای سەندوقی داهاتەكانی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستان، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لەخستنەڕوو  و گفتوگۆكردنی پێشنیازی یاسای هەمواركردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2008ی تایبەت بەهەمواركردنی پیادەكردنی یاسایی بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە 78ی ساڵی 1979ی هەمواركراو لەهەرێمی كوردستان، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لەخستنەڕوو  و گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای كانزا پۆڵاییەكان لەهەرێمی كوردستان، خاڵی چوارەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لەخستنەڕوو  و گفتوگۆكردنی پێشنیازی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارییەكان لەهەرێمی كوردستان.

بەهۆی ئامادەنەبوونی وەزیری سامانە سروشتییەكان لەدانیشتنەكەدا كەئێستا بەگەشتێك لەدەرەوەی هەرێمە، خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار كەبریتی بوو لەخستنەڕوو  و گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای سەندوقی داهاتەكانی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستان بۆ كاتێكی تر دواخرا، سەبارەت بەخاڵەكانی (2 و 3)ی بەرنامەی كاریش كەبریتی بوون لە(خستنەڕوو  و گفتوگۆكردنی پێشنیازی یاسای هەمواركردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2008ی تایبەت بەهەمواركردنی پیادەكردنی یاسایی بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە 78ی ساڵی 1979ی هەمواركراو لەهەرێمی كوردستان، خستنەڕوو  و گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای كانزا پۆڵاییەكان) بەهۆی ئامادەنەبوونی راپۆرتی كۆتایی لەبارەیانەوە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخران.

دوای پشوویەكی نیو سەعاتی دانیشتنەكە دەستیپێكردەوە و بەپێی خاڵی چوارەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش كەبریتی بوو لەخستنەڕوو  و گفتوگۆكردنی پێشنیازی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارییەكان لەهەرێمی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان داوای لەلیژنەكانی كاروباری یاسایی و رۆشنبیر و لاوان و مافی مرۆڤ  و ناوخۆ و كاروباری كۆمەڵی مەدەنی كرد بێنە شوێنی تایبەت بۆ خوێندنەوەی مادەكانی پڕۆژە یاساكە و راپۆرتی هەر چوار لیژنەكە لەبارەیانەوە بۆئەوەی ئەندامانی پەرلەمانیش سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكانی خۆیانی لەسەر بخەنەڕوو بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنی زیاتری پڕۆژەكە.

بەرلەوەی دەستبكرێت بەخوێندنەوەی مادەكانی پڕۆژە یاساكە، مادەكانی (1 و 2 و 3 و 4 و 5 و 6)ی ئەسڵی پڕۆژە یاساكە كەلەدانیشتنێكی پێشووتری پەرلەماندا لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە گفتوگۆیان لەسەر كرابوو لەگەڵ یەكلایكردنەوەی ناونیشانی پڕۆژە یاساكە (یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەهەرێمی كوردستان) و ناونیشانی دەروازەكانی كەئەو شەش مادەیەی لەخۆگرتووە بەڕەچاوكردنی سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكانی ئەندامان و لابردنی بڕگەی چوارەم لەمادەی یەكەم و زیادكردنی چەند پێناسەیەك بۆ هەمان مادە و رەتكردنەوەی مادەی سێیەمی پڕۆژە یاساكە چونكە لەمادەی یەكەمدا بەدەنگدان ساغكرابۆوە و  و رەتكردنەوەی بڕگەی سێیەم لەمادەی شەشەم بەدەنگدان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان لەلایەن لیژنەی هاوبەشەوە، بەجیا خرانە دەنگدانەوە و لەسەردرا و پەسندكران.

سەبارەت بەمادەی حەوتەیەمی ئەسڵی پڕۆژە یاساكەش لەبەرئەوەی ناوەڕۆكەكەی لەمادەی یەكەمی پڕۆژە یاساكە كەتایبەت بوو بەپێناسەكان باسكراوە پێشنیازی رەتكردنەوەی كراو بەزۆرینەی دەنگی ئەندامان رەتكرایەوە.

پاشان لەلایەن لیژنەی هاوبەشەوە پێشنیازكرا كەراپۆرتی لیژنەی هاوبەش لەسەر ئەو مادانەی تری پڕۆژە یاساكە كەهێشتا گفتوگۆیان لەسەر نەكراوە بكرێتە بنەما بۆ گفتوگۆكان و ئەم پێشنیازەش خرایە دەنگدانەوە و بەكۆی دەنگ پەسندكرا.

سەبارەت بەمادەی هەشتەیەمی ئەسڵی پڕۆژە یاساكەش كەتایبەت بوو بەڕێگاكانی داواكردنی بەدەستهێنانی زانیاری لەدامودەزگا گشتی و تایبەتەكان، لەئەنجامی گفتوگۆكردنیدا لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ژمارەیەك لەئەندامانی پەرلەمان پێشنیازی كەمكردنەوەی ماوەی پێدانی زانیارییەكانیان كرد بەڵام دوای ئەوەی یەك بەیەكی ماوەكان خرانە دەنگدانەوە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامان پێشنیازەكان رەتكرانەوە و وەك خۆیان مانەوە كەلەڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشدا هاتبوون، پاشان دوا داڕشتنەوەی مادەكە بەڕەچاوكردنی سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكانی ئەندامانی پەرلەمان خرایە دەنگدانەوە و بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا.

مادەی نۆیەمی ئەسڵی پڕۆژە یاساكەش كەتایبەت بوو بەوەڵامدانەوەی داواكارییەكان، دوای گفتوگۆكردنی لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی لەلایەن لیژنەی هاوبەشەوە بەڕەچاوكردنی سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكان، خرایە دەنگدانەوە و بەكۆی دەنگ پەسندكرا.

بەمجۆرە كۆتایی بەدانیشتنەكە هێناو رایگەیاند: "سبەی سەعات 10ی سەرلەبەیانی درێژە بەدانیشتنەكەمان دەدەین".

 

هەواڵی پەیوەندیدار