لە گردی كلك مشك لەشاری هەولێر ژمارەیەك پارچەی شوێنەواری دەدۆزرێتەوە
هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر هەریەكە لە بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر و سەرۆكی تیمی هەڵكۆڵینی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین ئەنجامی كاركردن و هەڵكۆڵینی سێ ساڵیان لە گردی كلك مشك لەشاری هەولێر راگەیاند.
لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا حەیدەر حەسەن بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر گوتی: لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا چوار وەرزی هەڵكۆڵین لە لایەن قوتابیانی بەشی شوێنەواری كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین چەند مامۆستاو پسپۆڕێكی بەشە و تیمی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر ئەنجامدراوە لەو ماوەیەدا توانراوە زیاتر لە 84 پارچەی شوێنەواری بدۆزرێتەوە كە هەر یەكەیان بۆ سەردەمێكی جیاواز دەگەڕێتەوەو سەرجەمیان بۆ ساڵانی پێش زاینن.
ناوبراو گوتیشی: كۆنترین پارچەی شوێنەواری لە نێو ئەو 84 پارچە شوێنەواریە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوری ناوەڕاست كە دەكاتە 1500 ساڵ پێش زاین و گوتیشی وابڕیارە لە ئایندەدا هەڵكۆڵین و كاركردن لەو ناوچە شوێنەواریە بەردەوام بێت ئەمەش بەپێی رێكەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر و بەشی شوێنەواری كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین.




