چاودێرێکی سیاسی: تەنھا سەرۆک بارزانی دەتوانی بەناوی خەڵکی کوردستان قسە بکات، چونکە لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردراوە

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ د.سالح مەلا عومەر عیسا چاودێری سیاسی و مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین بەkdp.infoراگەیاند: وتاری دوێنێی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تەعبیر لە واقعی ھەرێمی کوردستان دەکات و پێویستە لە ناو ھەرێمی کوردستان شتێک لە بەرچاو بگیرێ، ئەویش یەکترقبول کردن جێگای بکرێتەوە و ناکرێت ھەرکەسێک بەشێوەیەک بیربکاتەوە کەوا ھەست بکات واقعەکە لای ئەو بێت و چۆنی بوێت بەو شێوەیە بێت ، چونکە ئەمە دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆدەنگی ھیچ کات دروست نابێت بۆ ئەوەی لایەنەکان لەسەری رێکكەون .
د.سالح مەلا عومەر عیسا گوتیشی: لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە دەیانەوێ سیستەمی دیموکراسی لە کوردستان جێگیر بکرێت دەبێ ئەوە بزانن ژێرخانی دیموکراسی دەنگی جەماوەرە، بۆیە ئەگەر تەماشای وتارەکەی سەرۆک بارزانی بکەین دەبینین چەندین جار دوپاتی کردهوە کە پێویستە بگەرێینەوە بۆ دەنگی جەماوەر و گرنگی بە دەنگی جەماوەر بدەن، ئەو مامۆستایەی زانکۆ راشیگەیاند: ئەم ئەرکەی سەرۆکیش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە70% خەڵکی کوردستان دەنگی پێداوە، بۆیە تەنھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مافی ئەوەی ھەیە بەناوی خەڵکی کوردستان قسە بکات، نەک ھیچ لایەن و حزبێکی سیاسی ، چونکە ئەگەر بەم شێوەیە بێت کوردستان ھیچ کات نابێتە خاوەن دەستوری خۆی.
عیسا رونیشیکردهوە، ناکرێت ھەر حزبێک یاخو گروپێکی نوێ دروست بێت و خۆی فەرز بکات و خۆی بکات بە نوێنەر خەڵکی کوردستان، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیه پەنا ببردرێتە بەر دەنگی جەماوەر و جەماوەر بڕیار بدات، چونکە ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت خودی ھەلبژاردن ھیچ مانایەکی نابێت .
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کەس ناتوانی خۆی بکاتە نوێنەری خەڵک و لە ھەلبژاردن خەڵک دەزانی سیاسەتی کێی پێ باشە و کێ ھەلدەبژێرێ بۆیە ناکرێت ئەوەی نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگی خەڵک بەدەست بێنێت خۆی بکات بەنوێنەری خەڵک و بەسەر ئەو لایەنە خۆی فەرز بکات کە زۆرینەیە و خەڵک سیاسەتەکەی پێ باشە.
لە کۆتای لێدوانەکەیدا وتیشی: کاتێک لە ناو کۆمەڵگه دیموکراسیەت جێگیر دەکرێت کە لایەنەکان قبوڵی دەرئەنجامی ھەلبژاردنەکان بکەن، بەڵام ئەگەر دەرئەنجامی ھەلبژاردنەکان قبوڵ نەکەن و ھەریەکە لە دوای بەرژەوەندی تاکلایەنی خۆی بێت ئەمە لە دژی بەرژەوەندی کۆمەڵگهیە و لە گەڵ پرنسیپەکانی دیموکراسی ناگونجێت .




