سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک پڕۆژە یاسا دەکات

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/عومەر ھەوارمی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی کوردستانی بەKDP.info راگەیاند: بڕیارە سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە و گفتوگۆ و خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پڕۆژە یاسایەک بکات.
عومەر ھەوارمی گوتیشی: کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی لە 9خاڵ پێکھاتووە، خاڵی یەکەم بەردەوامی گفتوگۆکردنە لەبارەی ھەموار کردنهوەی یاسای پارێزەرانی ژمارە17ساڵی 1999یهو خاڵی دووەم ھەموارکردنەوەی یاسای سندوقی خانەنشینی پارێزەرانە و خاڵی سێیەم خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پرۆژە یاسای پەروەردە و خوێندن لە کوردستان و خاڵی چوارەم خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە پەنجا و پێنجی ساڵی 2004و خاڵی پێنجەم خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە بڕیاری دەرچوونی لێبوردن بۆ ئەو کەسانەی تۆمەتیان خراوە تەپاڵ لە بەرامبەر ئەو چالاکیانەی ئەنجامیانداوە بەھۆی بەشداربوونیان لە بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کورد و خاڵی شەشەم گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای داھاتەکانی نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستان وخاڵی حەوتەم گفتوگۆی ھەموارکردنی پڕۆژەیاسای ژمارە نۆی ساڵی 2008کە تایبەتە بە ھەموارکردنی جێبەجێکردنی یاسای بەکرێدانی خانووبەرەی ژمارە 78ی ساڵی 1979ی ھەموارکراو و خاڵی ھەشتەم گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای کانزا پۆڵاییەکان لە ھەرێمی کوردستان وخاڵی نۆیەم و کۆتایی گفتوگۆکردنە لەسەر پڕۆژەیاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری.




