سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی بادن ڤۆرتێمبێرگی ئەڵمانیا كرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 26ـی 5ـی 2013 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نیڵس شمید جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی بادن ڤۆرتێمبێڕگی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لەدیدارێكدا سەرەتا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی بادن ڤۆرتێمبێرگی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و بەرنامەی سەردانی شاندەكەی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و هەروەها ئاماژەشی بەوەدا كە سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی كوردستان هاندەرێكی باشە بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئەڵمانییەكان ڕوو لە كوردستان بكەن و لەبواری جۆراوجۆردا وەبەرهێنان بكەن.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد و هیواشی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی بادن ڤۆرتێمبێرگی ئەڵمانیا و بەشەكانی دیكەی ئەو وڵاتەش بەرەو پێشەوە بچێت و هێماشی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان لەبواری خوێندن و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار ئامادەیە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیا و ناوەندەكانی وڵاتی ئەڵمانیا بكات. پاشان ئەندامانی شاندەكە لەبارەی باری ئابووریی هەرێمی كوردستان چەند پرسیارێكیان ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی كرد.
باسكردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا تەوەرێكی دیكەی دیداری نێوان سەرۆك بارزانی و شاندەكەی هەرێمی بادن ڤۆرتێمبێرگی ئەڵمانیا بوو.




