(جەمال مورتكە): سەرۆك بارزانی لە شەڕی خواكوڕكدا ڕۆڵێكی زۆر باڵای

پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان مامۆستا (جەمال مورتكە) لە دیمانەیەكی "هەولێر"ـدا قۆناغەكانی شۆڕشی گۆڵان و گرنگی شۆڕشی گوڵانی باس كرد.
هۆكاری دروستبوونی شۆڕشی گوڵان
مامۆستا (جەمال مورتكە) ئەوەی خستەڕوو كە شۆڕشی گوڵان وەڵامدانەوەی ئەو پیلان وگەلەكۆمهکییه بوو كە لە كورد كرا ، لە دوای پیلانی جهزائیر ساڵی 1975، دەرهەق بە گەلی كورد كرا . گوتیشی:" پاش شكستی شۆڕشی ئەیلول رەشبینیەك دروست بوو، و دوژمنانی كورد بەتایبەت رژێمی عێراق وایان نیشاندەدا كە شۆڕشی كورد كۆتایی پێهات، ئەوەبوو سەرۆكی رژێمی عێراق گوتی:" جارێكی دیكە دەنگی تەقە لەشاخەكانی كوردستان نابیسترێت لەلایەن هیچ كورە كوردێكەوە"، بەڵام لەراستیدا ڕەگی شۆڕشگێری و توانایی سەركردایەتی سیاسی كورد لەو ئاستە دابوو كە توانای بۆ ماوەیەكی زۆر كورت ئەو رەشبینیە ڕەش بكاتەوە و ئومێدێك بداتەوە نەتەوەی كورد .
گوتیشی:" سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان پاش شكستی شۆڕشی ئەیلول توانی لیژنەیەك تەرخان بكات بۆ پێداچوونەوە لەسەر ئەو كەموكوڕیانەی كە لەشۆڕشی ئەیلول هەبووە و هەروەها پێداچوونەوە لەسەر ئەوە بكات كە وەزعی گەلی كورد لەو شۆڕشەدا بۆچی وای بەسەرهات، ئەوەبوو لە ئەنجامەدا توانرا لەیەكەم دەستپێشخەری كۆنفرانسی بەرلین ئەو بابەتە بەرچاو بكرێت و رێبازی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد بەجوانی هەڵ بسەنگێندرێت و لەنامیلكەیەكی بچووك دارێژراو وبڵاوكرایەوە.
دەستپێكردنی شۆڕش
مامۆستا (جەمال مورتكە) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی:"لەڕۆژی 26ـی گوڵانی 1976ـدا كە توانرا یەكەم ئاگری بڵێسەی شوڕش لەشاخەكانی كوردستان بەتایبەت لەناوچەی حاجی ئۆمەران و دەوروبەری دەستیپێكرد، هەر لەو كاتەدا توانرا بەهەموو دوژمنانی كورد رابگەیندرێت كە كورد شكستی نەهێناوە و دەتوانێت لە شۆڕشدا بەردەوام بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا شۆڕشی گوڵان لە قۆناغێكی زۆر سەخت هاتە پێش كە ئەو كات دوژمنانی كورد هێزێكی زۆری لەشكری دامەزراندبوو بۆ ئەوەی بتوانێت رێگربێت لە پەرەسەندنی شۆڕشدا، بەڵام شۆڕش بەو هەموو كەموكوڕیەوە توانی بێتەوە ناوچە شاخاویەكان بەتایبەت لە سێگۆشەی سنوورەكانی كوردستان و هەروەها توانی بەشێوەی پارتی زانایدا بەقووڵایی وڵاتدا بسوڕێتەوە، جگە لەوەی كە توانای رادێۆی دەنگی كوردستانیش دابمەزرێنێت وە قیادەی شۆڕشیش توانای سەركردایەتی كاتییش لەناو كوردستان دابمەزرێنێت.
هەنگاوەكانی شۆڕش پێش رووخان و دوایی روخانی شانشای ئێران
ئەگەرچی قۆناغە یەك لەدوایەكەكانی شۆڕش بەر لە ڕووخانی ڕژێمی شا، توانای هەنگاوی باش بنێت و نائۆمێدی خەڵكی كوردستان بسڕێتەوە و ڕێكخستنەكانی پارتی لەهەموو ناوچەكانی كوردستان و دەروەی كوردستان زیندوكرایەوە، بەڵام لە دوای رووخانی رژێمی شانشای ئیران لەساڵی 1979ـدا، كە بەربەستێكی زۆر گەورە بوو بۆ گەشەكردنی كورد، چونكە هەردوو رژێمیش خاوەنی ئیتیفاقیەی جەزائیر بوون، توانرا شۆڕشی كورد گەشەیەكی زۆر فراوان بەخۆیەوە ببینێت، ئەوەبوو توانرا لە دوای ساڵی 1979 كۆنگرەی نۆیەم ببەسترێت وبەپێی بریاری كۆنفرانسی بەرلینی ساڵی 1976، توانرا لەو كۆنگرەیەدا بریاری ئەوە بدرێت كە سەرۆك (مەسعود بارزانی) ببێتە رابەری شۆڕش و ببیتە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەوە وایكرد كە پارتی بتوانێت بێتەوە سەر پێگەی و هێزی خۆی. ئەوە لەكاتێكدا بوو كە بەشێك لە ناحەزانی پارتی دەیانویست رێگری لە پێشكەوتنەكانی پارتی بكەن. لەگەل ئەوەیشدا لەسەرەتای ساڵی 1980ـەوە بۆ ناوەڕاستەكە، پارتی توانای لەهەموو ناوچەكانی كوردستان بارەگە دەزگای لەشكری و سەربازی و ئیداری دابمەزرنێت.
جیاوازی نێوان شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی گوڵان
شۆڕشی 26ـی گوڵان گۆرانێكی زۆری هەبوو لەگەڵ شۆڕشی ئەیلۆل، چونكە لە شۆڕشی ئەیلول تاكە حیزب رابەرایەتی شۆڕشی دەكرد، بەڵام لەدوای شكستی 1976 و هەروەها دوای كۆنگرەی نۆیەم، پارتی دیموكراتی كوردستان بەبیروباورێكی فرە لایەنی پشكەوتوخوازانە بروای بەوە هەبوو كە كۆمەلێك حیزب و رێكخراوی دیكە لە كوردستان دروست بن بەمەرجێك هەموویان خزمەت بە نەتەوە و نیشتمانەكەیان بكەن.
دامەزراندنی بەرەی كوردستانی
ئەوەیشی خستەڕوو كە لەسالی 1986 ڕێککهوتننامهی دووقۆلی نێوان سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەتاران كرا، كە بووە هۆی دامەزراندنی بەرەی كوردستانی، كە بەرەی كوردستانی هێمایەكی زۆر بەهێزبوو و توانی ئومێدێكی زۆر باش بەهەموو چین وتوێژانە بدات و هەروەها ئەو بەرەیە توانی بەربەستەكانی كوردستان بشكێنێت و قۆناغی پارتی زانیش زیاتر بكات
.
ڕۆڵی راگەیاندن لە شۆشی گوڵاندا
ئاماژەی بەوەیشدا، كە راگەیاندن ڕۆڵی سەرەكی هەبوو بۆ بزواندنی هەستی نەتەوەیی ڕۆڵەكانی نەتەوەی كورد بۆ بوون بە پێشمەرگە و زالبوون بەسەر رەفتارە ناشایستەكانی رژێم، ولەهەمانكاتدا ڕۆڵێكی باشی هەبوو بۆ هۆشیاركردنەوەی گەلەكەمان دەربارەی شۆڕش. هەر لەو بارەیشەوە لەو شۆڕشەدا لەمەكتەبی سیاسیدا كادری راگەیاندن هەبوو و لەگەڵ ئەوەیشدا رادێۆی دەنگی كوردستان ڕۆڵی سەرەكی هەبوو له خزمەتكردنی ئەو شۆڕشە. جگە لەوەیش كادرانی راگەیاندن لە ناوچەكان كۆبوونەوەیان دەكرد وبانگەوازیان دەكرد بۆ هەستی نەتەوایەتی و ئەدەبیاتی حیزبی و گۆڤارەكانی دەنگی كوردستانیا بلاودەكردەوە.
ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لەشۆڕشدا
سەرۆك بارزانی ڕۆڵێ سەرەكی هەبوو لەسەرپەرشتیكردنی هەموو دەزگاكانی حیزبدا، هەروەها لە قۆناغەكانی شۆڕشدا ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو چ لەسەر ئاستی نێودەولەتی و چ لەئاستی ناوخۆیی و هەروەها ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە پێوەندیەكان و لەبواری سەرپەرشتیكردنی لەشكر و لەبواری راگەیاند و لەئامۆژگاریكردنی بۆ بەشی رێكخستن،و هەروەهالەهەمان كاتدا لەشەرەكانیشدا بەشداری دەكرد لەوانە كە سەرۆك بارزانی لەقۆناغەكانی شەری خواكوركدا ڕۆڵێكی زۆر بالای بینی.
ڕۆڵی ناوچەكانی كوردستان لەشۆڕشی گوڵاندا
باسی لەوەیش كرد كە لەسەرەتایی شۆڕش لەشاخەكان بوو، بەتایبەت لە ناوچەی بادینان لەسنووری زاخۆ تا دەگاتە ناوچەی خواكورك و هەروەها ناوچەی قەڵادزی، بارگە وسەركردایەتی پشمەرگە بوونی هەبوو و جێگیر بوو، لەدوای هەشتاوە شۆڕش لە دەشتەكانی شێخان وئاكرێ وبارزان دۆلی بالیسان و دەشتی هەولێر و...هتد، بەشێوەی پارتی زانی هەبوو. هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كاریگەری باشیان هەبوو لە شۆڕشی گۆلاندا، بەڵام ناوچە شاخاوییەكان بەپلە یەك توانی خزمەت بەو شۆڕشە بكات، لەگەڵ ئەوەیشدا بستێك خاكی نەماوە لەقۆناغەكانی سەختدا نەبوو كاروچالاكی تێدا نەكرابێت




