٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەڵاح دەلۆ: بارزانیی نەمر شۆڕشی ئەیلوولی لەسەر كەركووك دانا و گوڵانیشی بۆ ئه‌و ئامانجه‌ بەرپا كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئەندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك–گەرمیان، سەڵاح دەلۆ لە دیمانەیەی ڕۆژنامەی "هەولێر"ـدا زەروورەتی بەرپابوونی شۆڕشی گوڵان دەگێڕێتەوە بۆ ئامانجی ڕەواندنەوەی ئەو نائومێدییەی لە پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول سەرتاپای كوردستانی گرتبووەوە.
سەڵاح دەلۆ بە بڕوایەكی قووڵەوە دەڵێت "بارزانیی نەمر شۆڕشی ئەیلوولی لەسەر كەركووك دانا و گوڵانیشی بۆ ئەو ئامانجە بەرپا كرد."

*لە چ دۆخێكدا شۆڕشی گوڵان بەرپا كرا؟

كاتێك شوڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانیی نەمر بە پاڵپشتیی گەل بەرده‌وام لە بەهێزبووندا بوو، بە تایبەتی دوای ڕێکه‌وتننامه‌ی 11ـی ئازاری ساڵی 1970 كە كورد توانی نێو ماڵی خۆی تا ڕادەیەكی زۆر ڕێك بخاتەوە، دوژمنەكانی گەلی كورد دڵنیا بوون كە ناتوانن كورد لەناو ببەن، بۆیە سڵیان لە پیلانگێڕان نەكردەوە و پەنایان بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنە شوومەكەی 6ـی ئازاری ساڵی 1975ـی جەزائیر برد كە لە نێوان شای ئێران و سەددام حوسێن مۆر كرا. ئەو كات سەددام حوسێن جێگری سەرۆككۆماری عێراق بوو و سەرۆككۆماری ئەوكاتی جەزائیر ناوبژیوانی ڕێككەوتنەكە بوو. بە هۆی ئەو ڕێككەوتنەوە، شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو و گەلی كورد تاڕادەیەكی زۆر تووشی نائومێدی بوو. بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نائومێدییە و وەك درێژەپێدەری شوڕشی ئەیلوول، بە فەرمانی بارزانیی نەمر و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆك مەسعود بارزانی و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو، لەو ساتە هەستیارەدا شوڕشی گوڵانی نیشتمانی لە 26ـی گوڵانی ساڵی 1976 بەرپا بوو كە گشت ناحەزانی كوردی سەرسام كرد و ئومێدێكی گەورەشی بە گەلەكەمان بەخشی.

* زەرورەتی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان چی بوو؟

- بێگومان دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975ـدا ڕژێمی عێراق گوشارێكی زۆری خستە سەر گەلی كورد و دەستی كرد بە رووخاندنی گوندە سنوورییەكان و كۆكردنەوەی دانیشتووانەكەی لە ئۆردوگا زۆرەملێیەكان لە شوێنە جیاجیاكانی عێراقدا. ڕژێمی عێراق پیلانی دانابوو كە كورد كۆ بكاتەوە و بیانگوازێتەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق. لەو دۆخەدا ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبووایە، ئەوا كورد هەر ئەو كاتە ئەنفال ئەكرا، بۆیە هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان زەروورەتێكی مێژوویی بوو.

*سەركردایەتیی شۆڕشی گوڵان كاریگەریی لەسەر پێگەی جەماوەریی كورد هەبوو؟

- بێگومان كاریگەریی سەركردایەتیی شۆڕشی گوڵان لەسەر پێگەی جەماوەریی كوردستان زۆر بوو، چونكە هەمان ڕابەر و هەمان سەركردایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو كە هەر لە سەرەتاوە جێگەی متمانەی گەلی كورد بوون.

* ئایا شۆڕشی گوڵان خەڵكی وشیار كردەوە؟

- شۆڕشی گوڵان شۆڕشێكی نیشتمانیی پێشكەوتنخواز بوو و باوەڕی بە گەشەكردن و پێشكەوتن و هۆشیاركردنەوەی جەماوەریی كوردستان هەبوو، بۆیە هەر لە بەراییەوە تا هەنووكە كاریگەریی گەورەی هەبووە و هەیە.

*سەروەرییەكانی شۆڕشی گوڵان چین؟

- سەروەرییەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن و بریتین لە دەستكەوتەكانی ئێستا و سەركەوتنەكانی ڕابردووی گەلەكەمان، چونكە ئەوەی كە ئێستا هەمانە بە ڕەنجی پێشمەرگە و عارەقەی نێوچاوان و خۆڕاگریی خەڵكی كورستان و خوێنی شەهیدەكان و بەرهەمی شۆڕشی گوڵان هاتووەتە دی.

* كەركووك لە كوێی ئەجیندای ئەو شۆڕشەدا بوو؟

- كەركووك لە ئەجیندای شۆڕشەكانی كورددا هەمیشە گرنگ و خاڵی یەكلاكەرەوە بووە. بارزانیی نەمر شۆڕشی ئەیلوولی لە سەر كەركووك دانا و گوڵانیشی بۆ ئەو ئامانجە بەرپا كرد، واتا شۆڕشی گوڵانیش ڕزگاركردنی كەركووكی خستە ئەولەوییەتی بەرنامەكانییەوە. كەركووك لە هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا كێشەی سەرەكی بووە لەگەڵ بەغدا و هەرگیز سازشی لەسەر نەكراوە.

*ئێستا ئەو شۆڕشە چی بۆ كەركووك پێیە؟

- بەداخەوە بارودۆخی كەركووك ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ڕووی ئەمنییەوە ناسەقامگیرتر دەبێت و ڕۆژانە بە هۆی كارە تیرۆریستییەكانەوە ڕۆڵەكانی كەركووك دەكوژرێن. ڕەوشی ئەمنی تەنیا بە گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان چارەسەر دەبێ، بۆیە گەڕانەوەی كەركووك و ناوچە هاوشێوەكانی ئامانجی شۆڕشی گوڵانە

هەواڵی پەیوەندیدار