كاكەمین نەجار: شۆڕشی گوڵان ئومێدیكی گەورەی بۆ خەڵكی كوردستان گەڕاندەوە
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كاكەمین نەجار لە دیمانەیەكی هەولێردا ئاماژەی بەوە دا كە دوژمنانی كورد هیچ بیریان لەوە نەدەكردەوە كە شۆڕشی كوردی سەرهەڵبداتەوە و پێشمەرگە بێتەوە چیاكانی كوردستان، بۆیە شۆڕشی گوڵان ئومێدیكی گەورەی بۆ خەڵكی كوردستان گەڕاندەوە و ترسكێكی گەورەیشی لە دڵی دوژمنان دروست كرد.
*شۆڕشی گوڵان چی بوو؟
-من لەوێوە دەست پێ دەكەم و دەڵێم كە شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشێكی زۆر گەورە بوو و مەدەرسەیەكی گەورە بوو بۆ پێگەیاندنی كادر و پێشمەرگەی قارەمان و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر تەواوی كۆمەڵگەی كوردی هەبوو.
شۆڕشی ئەیلوول كە نسكۆی هێنا، لەبەر ئەوەی كە ئەو مەدرەسە گەورەیە ئەوەندە كادر و پێشمەرگەی پێگەیاند بوو، بۆیە دەتوانین بڵێین، دوژمن لە ڕووی سەربازییەوە نسكۆی بە شۆڕش هێنا، بەڵام نەیتوانی بڵێسەی شۆڕش دابمركێنێت، بەمەیش ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كە لەگەڵ زۆربەی زۆریان لەگەڵ بارزانی چووبوونە ئێران و تەسلیم نەبوونەوە، دەستیان بە شۆڕش كردەوە و سەرەتا سهرکردایهتیی کاتیی دروست بوو، ئیتر پاش ئەوە ئەو پێشمەرگانە كە لە ئێران بوون و ئەوانەیش كە تەسلیم بووبوونەوە و لە هەمان كاتدا چەندین گەنجی دیكە هاتنەوە شاخ و بوونەوە بە پێشمەرگە، دوای ئەوەیش وردە وردە ئەو شۆڕشە بڵیسەی سەند و بوو بە شۆڕشێكی سەرتاسەریی كوردستاندا.
* ئەو شۆڕشە سەرەتا چۆن بوو؟
- ئەو شۆڕشە سەرەتا بە شێوەی پارتیزانی دەستی پێ كرد، نەك بە شێوازی جەبهەیی، چونكە هەم بارودۆخەكە گۆڕا بوو و هەم ژمارەی پێشمەرگەیش لە سەرەتاوە كەمبوو، ئیتر ئەو شۆڕشە بە شێوەی پارتیزانی بەردەوامی هەبوو، تا ئەو كاتەی كە شەڕی عێراق، ئێران دروست بوو، دەرفەتێكی دیكە پەیدا بوو كە پێشمەرگە باشتر توانی خۆی ڕێك بخاتەوە، تەنانەن ناوچەی ئازادیش دروست بكات، هەر لەو كاتەیشدا چەندین دەوراتی ڕۆشنبیری بۆ پێشمەرگەكان كرایەوە، پەیمانگای كادران دوو دەورەی بۆ كادیران كردەوە، چالاكی زۆر كران و ئەو گوندانەیش كە لە ناوچەی ئازادبوون لەژێر دەستی پێشمەرگەدا بوون، پیشمەرگە توانی لەگەل ئەو گوندانە تێكەڵاوی پەیدا بكات و پاش ئەوەیش شوڕش چووە قۆناعێكی زۆر چاكەوە، تا گەیشتینە ڕاپەڕین.
* لەو سەردەمە ڕۆڵی كاك ئیدریش و جەنابی سەرۆك بارزانی چۆن بوو؟
- لای هەموو ئەو نەتەوانەی كە كیانیان نییە و دەیانەوێت كیانێك بۆ خۆیان دروست بكەن، سەرۆكی ڕۆڵێكی زۆرگرنگی تیدا دەگێرێت. بۆیە لە كوردستاندا سەرەتا بارزانیی نەمر ئەو ڕۆڵەی بینی و بە سەرۆكایەتیی بارزانیی نەمر و بە قیادەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەویوە شۆڕش دەستی پێ كرد، بۆیە لە پاش نەمانی بازرانی بە دڵنیاییەوە جەنابی كاك مەسعود بارزانی و كاك ئیدریش ڕۆڵی سەرەكییانە هەبووە.
كاك ئیدریش لە دروستبوونی شۆڕشی گوڵاندا لە ناردنەوەی پێشمەرگە و سەرپەرشتیكردنیان ڕۆڵیكی زۆری هەبووە، چونكە لەو كاتەدا "ساواك" كە دەزاگای هەواڵگری ئیران بوو ڕێگەی نەدەدا پێشمەرگە بێنەوە كوردستان، بۆیە ئەو لە ناردنەوەی پێشمەرگە بەردەوام بوو، بۆیە كاك ئیدریش زۆر پێوەی ماندوو بوو. پاش ئەوەیش كە كۆنگرە كرا و بە شێوەی فەرمی كاك مەسعود بوو بە سەرۆكی پارتی، بە تەئكید ڕۆڵی كاك مەسعود ڕۆڵێكی زۆر كاریگەر بوو، یەكەم لە ڕووی هێنانی ئیمكانیات و دروستكردنی شۆڕش و لە هەمان كاتیشدا هەبوونی كاك مەسعود لەو كاتەدا مەعنەویاتێكی زۆر گەورە بوو بۆ پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان.
* لە دوای نسكۆ كە خەڵكی زۆر نیگەران بوو لە نەمانی شۆڕش، شۆڕشی گوڵان تا چەند ئومێدێكی دایەوە بە خەڵكی لەو كاتەدا؟
- لە شۆڕشی ئەیلوولدا و لە ساڵی 1974ـدا كە شەڕ دەستی پێ كردەوە، دوژمن نەیتوانی ساڵێك بەرگری سنگی پێشمەرگە بكات، هەر بۆیە دوژمن ئەو پلانەی دروست كرد و شۆڕشیان لە ناو برد. بەڵام سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی گوڵان تەحەدایەك بوو بۆ عێراق و بۆ ڕژێمی شای ئێرانیش، چونكە ئەوان كە شۆڕشیان لە ناوبرد تەحەدا بوو، بەڵام كە پێشمەرگە هاتەوە مەیدان، ئەوە مەعنەویەتێكی دایەوە خەڵكی كوردستان و ئەو كاتانەی كە پێشمەرگە نەبوو خەڵك نەیدەوێرا ڕێكخستن بكات، چونكە ئەگەر ئاشكرا بووایە شوێنێك نەبوو بۆی بروات، بەڵام كە شۆڕش دروست بوویەوە، ئێتر ڕێكخستنەكانیش دەستیان پێ كردەوە و ئەگەر پێشمەرگەیش نەبووایە،، ئەوە ڕاپەرینی ساڵی 1991ـیش زۆر بە ئاسانی سەركووت دەكرا.
* ئەی شۆڕش لە ڕووی چەك و سەربازییەوە شۆڕش چۆن بوو؟
-كە شۆڕش دروست بوویەوە، زۆر سەرەتایی بوو، چونكە چەك زۆر كەم بوو، بۆیە بە چەكێكی كەم دەستی پێ كرد، بەڵام بە مەعنەویاتێكی زۆر بەرز، چەكێكی زۆركەم بەرانبەر بە دوژمنێكی پڕچەك بوو.
بەڵام شۆڕشی گوڵانیش وردە وردە توانی چەك پەیدا بكات، خەڵك لەناو حكوومەتەوە چەكی دەبرد و پێشمەرگە چالاكی دەكرد و چەكی دەگرت، جەنابی سەرۆك سەردانی موعمەر قەزافی كرد و هەندێك چەكی هێنا و لە ناوەوە چەك دەكڕا و دوای ماوەیەك پێشمەرگە بوو بە لەشكرێكی پڕچەك، هەرچەندە لەو كاتەیشدا چەكەكان بەرانبەر بە چەكی دوژمن بەراورد نەدەكرا.
* چ وڵاتێك هەبوو یارمەتی شۆڕشی لەو كاتەدا دا؟
- ڕژێمی شا لەو كاتەدا دژی سەرهەڵدانەوە شۆڕش بوو و "ساواك" بەردەوام ڕێگری لە هاتی پێشمەرگە بۆ كوردستان دەكردەوە، بەڵام لە سووریا هەندێك چەكمان هێنا و سەركردەكانیش دەیانتوانی لەوێدا كۆ ببنەوە و ڕێكخستن دەكرا، سووریا باش بوو چەكی دایە ئێمە و دایە یەكێتی و هەندیك هاوكاری كردین ڕەنگە هەندێك وڵاتی دیكە هەبووبێت یارمەتی دابین، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە دوور بوو نەدەتوانرا یارمەتییەكان بگەیەنینە پێشمەرگە بە تایبەت چەك. ئەو كاتەیش كە لیبیا یارمەتی چەكی داین، لە ڕێگەی ئیرانەوە بوو، ئەویش دوای ئەوەی كە ڕژێمی شا ڕووخا،چونكە پێشتر ڕژێمی شا نەیدەهێشت، بەڵام پاش ئەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتی دەداین، چونكە لەو كاتەیشدا زیاتر شەڕی ئێران، عێراق دەستی پێ دەكرد.
* دوژمن لەو كاتەدا چەند چاوەڕوانی ئەوە بوو كە شۆڕش سەر هەڵبداتەوە؟
- نەخێر لە چاوەڕوانی ئەوەدا نەبوو، كاتێك كە نسكۆیان بەسەر شۆڕشدا هێنا ئەحمەد حەسەن بەكر گوتی كە شۆڕشی كورد كۆتایی هات و هەتاهەتایەیش سەرهەڵناداتەوە، بەڵام ئێمە كە لە شۆڕشی گوڵان ڕادیۆمان دانا، بەوە وەڵاممان دایەوە كە قەزیەی كورد كۆتایی پێ نەهاتووە و فەرموو ئەوە پێشمەرگە لەسەر چیاكانی كوردستانە، ئەوان پێیان وابوو كە شۆڕش جارێكی دیكە سەرهەڵناداتەوە.
* لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە شۆڕش چی هەبوو؟
- ئەو كاتە شتێكی وا نەبوو، تەنیا ڕادیۆی دەنگی كوردستان و ڕۆژنامەی خەبات و لە لقەكان هەر لقێك گۆڤارێكی هەبوو
رۆژنامەی هەولێر ٢٦-٥-٢٠١٣




