پارێزگاری هەولێر بەرنامەی قیرتاوكردنی شەقامە نێوخۆییەكان بەسەردەكاتەوە
هەولێر- KDP.info / لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرو لەكۆی 3 ملیۆن مەتری دووجای قیرتاوكردنی سالی 2012 ، لە هەلمەتێكی تازەدا بەگوژمەی شەش ملیار دینارو بە رووبەری 320 هەزار مەتری دووجا لە گەرەكی گەلاوێژ { 1 ی فەرمانبەران } و 50 هەزار مەتری دووجا لە كۆمەلگەی شاخۆلان ، بەرنامەی قیرتاوكردنی شەقامە نێوخۆییەكان لە سنووری پارێزگای هەولێر لەلایەن نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێرەوە بەسەركرانەوە
لەم بەسەركردنەوەیەدا كە هەریەك لە تاهیر عەبدولا جێگری پارێزگارو عەلی رەشید سەرۆكی شارەوانی هەولێر یاوەریان بوون ، پارێزگاری هەولێر وێرای دەستخۆشیكردن لە ستافەكانی چاكردنەوەی رێگەوبان و شارەوانییەكان كە بەرنامەی قیرتاوكردن بەرێكوپێكی و تەنها لە رۆژانی پشووی فەرمی و جەژنیشدا بۆ خزمەتی ئاوەدانكردنەوەو لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو خەلكە جێبەجێ دەكەن ، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە بەرنامەی قیرتاوكردنی ئەمسالیش كە پتر لە سێ ملیۆن مەتری دووجایە بەردەوامی دەبێت و هەموو سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە ، چ ئەو رێگەوبان و شەقامانەی لەبەر كەموكوری دووبارە قیرتاودەكرێنەوە و چ ئەوانەی تازە تەواوكراون و بۆ یەكەمجار قیرتاودەكرێن ، كە ئەمەش بەشێكە لە گرنگیدانمان بە بواری ئاوەدانكردنەوەو رێگەوبان كە سالانە پتر لە سێ ملیۆن مەتری دووجا وەكو بەرنامەیەكی جێگیر قیرتاوكردن ئەنجام دەدرێت .




